Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسرور بارزانی گفتوگۆی راشکاوانە لەگەڵ قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گیروگرفتەکانی قوتابیان، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابیان گوتی: "حەز دەکەم گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ ئێوە بکەم و گوێتان لێبگرم، بۆ ئەوەی بزانم داواکارییەکانی ئێوە چییە".

مەسرور بارزانی، رایگەیاند: "ئێمە دەزانین لە وڵاتێکدا دەژین، بەداخەوە بە درێژایی مێژوو دووچاری چەندین قەیران و کێشە و مەینەتی و هێرش و غەدر و زوڵمی مێژوویی بەسەر بەو وڵاتەدا کراوە، بەتایبەتی وەک بینیمان ئەم ماوەی دوایی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە، دەزانین نەتەوە و خەڵێکی مەغدورین بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان کە لە کوردستان دەژین، هەموو هەوڵێک دراوە کە نەهێڵن خۆمان لەسەر پێی خۆمان بوەستین، هەمووکات واکراوە لایەنەکانی دیکەش سوود لە جیاوازیی نێوانمان وەربگرن، لە کێشە و قەیرانەکان هەندێک جار کە دروست دەکرێن".

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە چەندین ئەرکمان لەسەر شانە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئه‌م ئەزموون و کیانە بپارێزین، و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست بکەین، جگە لەوەش ئەرکێکی دیکە ئەوەیە هەر هاووڵاتییەک بتوانێت خۆی پێبگەیەنێت و ئیش و کاری خۆی بکات، رۆڵی خۆی لەناو کۆمەڵگە ببێنێ و پەرەی پێبدات".

مەسرور بارزانی، لە وتارەکەیدا بۆ قوتابیان گوتی: "من دەزانم ئێوە کێشەتان هەیە، بەڵام لە هەموو کوردستان کێشە هەیە، باسی هەر چین و توێژێک بکەین، رەنگە چەندین گیروگرفتیان هەبێت، چارەسەرکردنی کێشە بەوە دەکرێت کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین، گوێ لە یەکتر رابگرین و پێکەوە هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەین، حوکمرانی تەنیا ئەوە نییە حکومەتێک حوکمڕانی بکات و هاووڵاتیش تەنیا گوێ رایەڵ بێت، دەبێ هەردوولا پێکەوە کاربکەن، ئەرک و ماف بۆ هەردووکیانە، دەبێ ئەو ئەرک و مافە، بەرپرسیاریەتی هاوبەش بێت، هەموومان پێکەوە ئیشی خۆمان بکەین و گوێ لە یەکتر بگرین و لە خزمەتی یەکتر دابین، بۆ ئەوەی سوودی زیاترمان بۆ خەڵک و وڵاتەکەمان هەبێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بیستم لەم دواییە هەندێک گیرگرفت هەبووە لە بەشە ناوخۆییەکان، پێویستیان بە چاککردنە، داواکارییەکانی ئێوە بەردەوام گەیشتووە و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین، لەلایەکی دیکە بینینیمان کە خۆپیشاندان کرا، خۆپیشاندان مافێکی ئاساییە و هەموو چین و توێژێک دەتوانێت بە شێوەیەکی ئارام و ئاشتیانە خۆپیشاندان بکات، و حکومەت پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکات، بەڵام خوا نەخواستە ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندان بە شێوازێکی تر یان هەندێک کەسی دیکە خۆی تێبخزێنن و بێنە ناو خۆپشاندان، کە بابەتەکە والێ بکەن فەوزا و توندوتیژی دروست بێت، ئەمە نە خزمەتی مافەکانی قوتابیان و نە داواکارییەکانیان دەکات نە چارەسەری گرفتەکان دەکات، بە پێچەوانەوە کێشەکان قوڵتردەکەن و رێگە دەدەن خەڵكێکی دیکە سوود لەو خۆپیشاندانە وەرگرن، لەبەر ئەوە داوا لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست دەکەم، ئەگەر خۆپشاندان دەکەن با خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە و ئارام بن، زۆر بە مەدەنیانە داواکارییەکانی خۆتان پێشکەش بکەن، یان هەموو جارێک دەتوانن نوێنەرتان بنێرن، بۆ ئەوەی داواکارییەکانتان بە حکومەت بگەن".