Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دۆڵەمەڕی بۆ KDP: دوای هەڵبژاردنی فەڕەنسا پرسی جینۆساید دەبرێتەوە پەرلەمان

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ده‌ڵێ، پرسی جینۆسایدی كورد و بردنی بۆ ناو پەرلەمانی فەرەنسا لەلایەن گروپی دۆستایەتیی كورد و فەرەنسا، گرنگیی تایبەتی هەیە، به‌ڵام لەبەر چەندین هۆكار لە پەرلەمانی فەرەنسا دەنگی زۆرینە بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەكە نەدرا و دوای هەڵبژاردنەكانیش جارێكی تر هەوڵ دەدەین بابەتەكە ببرێتەوە پەرلەمانی فەرەنسا.

عەلی دۆڵەمەڕی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "قسەكردن لەسەر پرسی جینۆسایدی گەلی كورد لە پەرلەمانی فەڕەنسا، بابەتێكی گرنگ بوو، هۆكارەكانی ڕەتكردنەوەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بەكورد لەلایەن پەرلەمانی فەڕەنسا زۆرن، هەڵبژاردن لە بەردەم حزبەكانی فەرەنسایە و چەند بابەتێكی تریش، ئەمەی هەبوو هەنگاوی یەكەمە و كار لەسەر پرسی جینۆسایدی كورد دەکرێت".

دۆڵەمەڕی گوتیشی: "پڕۆژەی جینۆساید قەت بە یەك دانیشتنی پەرلەمانی تێنەپەڕیوە و پێویستی بە كاركردنی زیاتر و لۆبی زیاترە، لە دوای هەڵبژاردنی فەرەنسا جارێكی تر هەوڵ دەدەین ئەو پرسە ببرێتەوە ناو هۆڵی پەرلەمانی فەڕەنسا".

دۆڵەمەڕی دەشڵێ: "باشترین پەیوەندی لەنێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، بردنی پرسەكە خۆی بۆ پەرلەمانی فەڕەنسا ئاسان نییە و گرنگ بوو پرسی جینۆسایدی كورد لە پەرلەمانی فەڕەنسا خرایە كارنامەی كاری پەرلەمانی وڵاتێكی وا زلهێز، یەكەم جاریشە لە پەرلەمانی وڵاتێكی ئەورووپی بە ڕاشكاوانە داوا دەكەن تاوانەكانی دەرحەق بە كورد بە جینۆساید بناسرێت، پرسی جینۆساید بابەتێكی سەختە و كاری زیاتری لەسەر دەكەین".

جێی ئاماژەیە، گروپی دۆستایەتیی كورد و فەڕەنسا، پڕۆژەكەیان پێشكەش كردبوو، کە چەندین پەرلەمانتاری لە هەموو فڕاكسیۆنەكان تێدا بوو.

 

عەزیز ڕەسووڵ