Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەم ھەفتەیە ٤٠٠ مێگاوات کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارکردن بۆ زیادکردنی بەرھەمی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و کاری باشیان کردووە. دەشڵێ، ئەم ھەفتەیە زیاتر لە ٤٠٠ مێگاوات کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت، ئەمەش وا دەکات سەعاتەکانی پێدانی کارەبا زیاتر بن.

دیار تاھیر بابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ئێستادا وەکو وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣ هەزار و ٤٠٠ مێگاوات کارەبامان بەردەستە، بەڵام وێستگەی کارەبای گەرمیان تا سبەی دەکەوێتە کار، کە پێشتر بڕیار بوو ١٦٥مێگاوات بەرھەم بێنێت، ئێستا ٢٠٠ مێگاوات بەرھەم دێنێت، ئەوەش دەکەوێتە ناو تۆڕی کارەبا و بەرھەم زیاد دەکات.

بابان گوتیشی، وێستگەی خەباتیش کە مانگێکە سیانە دەکرێت، ئەویش تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە ٢٥٠مێگاوات کارەبا زیاد دەکات، بەمەش بەرھەمی کارەبا زیاد دەبێت، بۆیە تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان زیاتر لە  ٤٠٠ مێگاوات زیاد دەکات.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، پێش ماوەیەک چەند یەکەیەکی دیکە سیانە کران، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ وەرزی زستان، چونکە بەو کارانەی ئەنجاممان داوە کە بەرھەمی کارەبا زیاد بووە، سەعاتەکانی پێدانی کارەباش زیاد دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم