Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەیڤد میۆلەر و هۆشیار سیوەیلی کۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی کاروباری سیاسی بۆ ئازادیی ئایینەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەزگای ئۆیکۆس فاوندەیشنی ئەڵمانیا، سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد.

لە هەشتەمین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، دەیڤد میۆلەر، بەرپرسی کاروباری سیاسی بۆ ئازادیی ئایینی و ئیتنی و شارەزا لە دەزگای ئۆیکۆس فاوندەیشن/ ی ئەڵمانیای فیدراڵ کە بەردەوام چاودێریی دۆخی سیاسی و ئازادیی ئایینی لە عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەن، لە سەردانیدا بۆ هەولێری پایتەخت یەکەم وێستگەی دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە بە گەرمی لەلایەن بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ستافی دیسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی کران.                                                                                              

دەیڤد میۆلەر، بە ناوی دەزگای ئۆیکۆس فاوندەیشن/ی ئەڵمانیای فیدراڵ، سوپاسی هاوکاری و پەیوەندیی دۆستانە و بەردەوامیی ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە بۆ چەند ساڵێکە هەردوو لا لە نزیکەوە پرسەکانی سیاسی و ئازادیی ئایینی و ئیتنی پێکهاتەکان، دۆخی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران و پەرەسەندنەکانی سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەڵدەسەنگێنن، کە دەزگاکەیان هەردەم بە بایەخەوە دەڕواننە ڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسەکانی سیاسی و ئازادیی ئایینی و گرنگیدان بە دۆخی پێکهاتەکان و پرسەکانی مرۆیی و ئاشتی و پێکەوەژیان و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.                                                                                                                           

بەرپرسی سیاسی بۆ کاروباری ئازدیی ئایینی لە عێراق و ناوچەکە، ئاماژەی دا کە بە گرنگییەوە دەڕواننە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەکە و هیوایان خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق هاندەر بێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوان بە ئاراستەی بەشداریی کارای هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و بنیادنانی ئاشتیی ناوخۆیی کە ڕیخۆشکەر بێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی ئەو ناوچانەی بە هۆی شەڕی داعش و سەرهەڵدانی توندوتیژی خەڵکیکی زۆر لە ئایین و نەتەوەی جیاجیا ئاوارە و زەرەرمەند بوون و وەک تاکە پەناگەی ئارام لە ناوچەکەدا  ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لێرە لە کوردستان ڕێز لە ئازادی و ئایین و کەرامەتیان گیرا و سەرەڕای دۆخی ناوخۆیی و شەڕ و  هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتی هەرێم داڵدەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی دا کە بە چاوی رێز و ستاییشەوە لەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.                            

لە لایەکی ترەوە ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی دەزگاکەیان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دا سەبارەت بە  کۆچی هەزاران کەس لە هەرێمەوە بۆ بیلاڕووسیا و سەر سنوورەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا، کە دۆخیکی مرۆیی مەترسیداری لێ کەوتۆتەوە و وڵاتی بیلاڕووسیاش وەک کارتێکی سیاسی بۆ گوشارخستنە سەر پۆلۆنیا و یەکێتیی ئەورووپا و ئەندامی یەکێتییەکە بەکاریان دێنی بەهۆی ئەو سزایانەی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە خراونەتە سەر بیلاڕووسیا بە هۆی دۆخی سیاسی و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا. لە لایەکی ترەوە هێشتا هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئایندەی پێکهاتەکانی کریستیان و کوردانی ئێزدی هەیە بە هۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی ناوچەکانیان و بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەکان و نەبوونی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و سەقامگیری لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە هێشتاش ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان لە کوردستان دەژین.

دەیڤد میۆلەر، ڕاشیگەیاند کە دەزگاکەیان بەردەوام دەبێت لەسەر پڕۆژەکانیان و چاودێریکردنی دۆخی ئازادیی سیاسی و ئایینی و ئیتنی و گرنگیدان بە هاوکارییەکانی مرۆیی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان لە کوردستان و ناوچەکەدا.                                                                          

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانەی دەیڤد میۆلەر لە دەزگای ئۆیکۆس فاوندەیشن بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) دەربڕی و ڕایگەیاند، کە لە پەیوەندییەکانیان و ڕاگۆڕینەوە لەسەر پرسەکانی سیاسی و ئازادیی ئایینی و دۆخی  نەتەوە و پێکهاتەکان و کەلتووری لێبووردەیی و پێکەوەژیان لە کوردستان و گرنگیدان بە دۆخی ئاوارەکان لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەڵمانی و نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن و هیوای خواست  پشتگیری و هاوکارییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ و یەکێتی ئەورووپا و رێکخراوەکانی جیهانی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن کە دەبێتە هۆکاری دڵنیایی سیاسی و گەشەپێدانی ئازادی ئایینی و باشترکردنی دۆخی پێکهاتەکان و ڕێخۆشکەریش دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژی بۆ سەر پێکهاتەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.                                                     

لە دیدارەکەدا هۆشیار سیوەیلی هەروەها بە فراوانی باسی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە عێراق کرد، کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد و چەندین لایەنی گرنگ لە هەڵبژاردنەکان شکستیان هێنا و لەگەڵ لایەنەکانی سەرکەوتووی هەڵبژاردنیش لە گفتوگۆدان بۆ بەشداریی کارای کورد لە حکوومەتی تازەدا لە بەغدا.