Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە تەرخانکردنی بودجە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

سۆران -KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوژمەیەکی دیکەی پارەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خەرج کرد، بۆ تەواوکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام پارە بۆ پڕۆژە خەرج دەکات و ئەو پڕۆژانەش ئەوانەن کە تەواو نەکراون و ئێستا تەواو دەکرێن .

ھەڵگورد نەجیب بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام پارە بۆ پڕۆژەکان خەرج دەکات و بەشێکی پڕۆژەکانی ئێمە ھی ساڵی ٢٠١٤ن و تەواو نەکراون و لە ھەموو بوارەکاندان، وەکوو ڕێگاوبان و شارەوانی و کارەبا و ئاو و سێکتەرەکانی دیکە و ئێمە بەردەوام داواکاریی پڕۆژە پێشکەش دەکەین و حکوومەتیش وەڵاممان دەداتەوە و پارەمان بۆ تەرخان دەکات و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەین.''

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت تا تەواو بکرێن.''

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوار فەرمانی جیاوازدا لەسەر ڕێژەی ١٥%ی شارەوانی و ڕێژەی ١٧%ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجکردنی ١٠١ ملیۆن دیناری دا، بۆ تەواوکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ھەردوو سێکتەری شارەوانی و ئاو.

‌بڵند ئیبراھیم