Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژیان تاھر: ھەنگاوی باش بۆ چاکسازیی دۆسیەی زیندانییانی سیاسی نراوە

هەولێر -KDP.info- لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیدا لیژنەیەکی تایبەتمەند کار بۆ پاکسازیی نێو لیستی زیندانییانی سیاسی دەکات و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسییش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەنگاوی باش نراوە بۆ چاکسازی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسیدا.

ژیان تاھر، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی شەھیدان بەدواداچوونی بۆ چاکسازیی دۆسیەی زیندانییانی سیاسی کردووە و لەگەڵ لیژنەی چاکسازی کۆ بووینەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی وەرمانگرتووە، ھەنگاوی زۆر باش نراوە لە پاکسازیی دۆسیەی زیندانییانی سیاسی و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەتەواوەتی چاکسازی لەو دۆسیەیەدا دەکرێت.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی دەڵێت: "ھەرچەندە ئاستەنگ ھەن و چاکسازی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسیدا کارێکی ئاسانیش نییە، بەڵام بەرەوپێشچوونی زۆرمان بینی و بەڵێن بە ئێمە دراوە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی دۆسیەکە.''

ژیان تاھر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا ھەنگاوەکانی چاکسازی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسی خێراتر بکرێن، بڕیارە لایەنی پەیوەندیدار ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا بکات، چونکە زۆربەی زیندانییان بەڵگەنامەی پشتڕاستکردنەوە بۆ دۆسیەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێنن، دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە مینحەی مانگانە بۆ ئەو زیندانییانە دەبڕدرێتەوە کە بەپێی یاسا مافیان ھەیە و مافی ھیچ زیندانییەکی ڕاستەقینەش نافەوتێت.''

قائید میرۆ