Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ له‌باره‌ی 5 پرسی گرنگ ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info- فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت ئەنجام دەدات.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: خستنەڕووی دوو بابەت لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:

- پوختەی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتکەی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن سازدرابوو.

- پێشهاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ دایەلۆگی هێمنانە لە بەرژەوەندی گشتیی ووڵات، دوور لە توندوتیژى و کەوتنەوەى قوربانى.

دووەم: بابەتى خۆپیشاندانەکانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان، و دوا پێشهات و لێکەوتەکانی ئەو خۆپێشاندانانە و ئەرکی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە.

سێیەم: خستنەڕووی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان له سنوورەکانی بیلاڕوسا - پۆڵەندا و گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی هەرێم.

چوارەم: میوانداریکردنی عەبدولڕەحمان سەدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان، و دەنگدان لەسەر پەیڕەوی تایبەت بە كۆنتڕۆڵکردنی مەواد و کەرەستەکانی کاریگەر لەسەر چینی ئۆزۆن.

پێنجەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی، و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری ڕاهێنانی پیشەیی، و هەوڵەکانی وەزارەتیان لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.