ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی گوتی، ئەمڕۆ بە فەرمانی سەرۆک بارزانی لە ھەولێر نووسینگەیەکی تایبەت بە کاروباری کوردانی فەیلی لە ھەرێم و عێراق کرایەوە و ڕۆژانە لە خزمەت ھاووڵاتییانی کوردی فەیلیدا دەبین .
عەلی فەیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە فەرمانی سەرۆک بارزانی نووسینگەیەک بۆ کوردانی فەیلی کراوەتەوە لە خانووی ژمارە ١٨١ی گوندی ئیتالیی دووی شاری ھەولێر بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەیاندنی داواکاریی کوردانی فەیلی لە ناوەوە و دەرەوی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە بەیانیان لە سەعات ١٠ تاوەکوو ٢ی ئێوارە لە خزمەت ھاووڵاتییاندا دەبین و لە ھەرشوێنێک داواکاری و کێشەیان ھەبێت کار بۆ چارەسەرکردنی دەکەین.''
عەلی فەیلی گوتیشی: ''ئەمڕۆ نووسینگەکە بەفەرمی کرایەوە و من وەکوو بەڕێوەبەری ئەو نووسینگەیە ڕاسپێردراوم و لە خزمەت خەڵکی خۆماندا دەبین لە ڕۆژانی شەممە تاوەکوو پێنجشەممە، بۆیە ھەر ھاووڵاتییەکی کوردی فەیلی لەناو ھەرێمی کوردستان و لە عێراقیش، ھەر کارێکی ھەبێت، سەردانمان بکات لە خزمەتیاندا دەبین.''
بەپێی ئامارێکیش لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کوردی فەیلی ھەیە.
ژمارە تەلەفۆنی پەیوەندی بە نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی :
٠٧٥٠٩٤٠٦٢٩٩
٠٧٥٠٥٠٩١٦٧٧
بڵند ئیبراھیم