Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری پارێزگار: گۆڕانکاریی گەورە لە دھۆک ڕووی داوە

دهۆک-KDP.info- بەھۆی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەوە گۆڕانکاری لە دھۆک ڕووی داوە و جێگری پارێزگاری دھۆکیش دەڵێت، بە گوژمەی ٧٠٠ ملیار دینار ٣٥٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٣٥٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی ٧٠٠ ملیار دینار جێبەجێ کراون و پڕۆژەکانیش ھەموو کەرتەکانیان لەخۆ گرتووە، بەڵام لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان دراوە، ئینجا لە شەقامە ناوخۆییەکانەوە تا ڕێگای سەرەکیی شار و دەرەوەی شاری تێدایە.''

جێگری پارێزگاری دھۆک دەشڵێت: "دابەشکردنی پڕۆژەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بووە لە نێوان ھەموو دەڤەرەکانی پارێزگای دھۆکدا، ھەتا ئەو پڕۆژانەی پێشتر ڕاگیرابوون تەواو کراون، کە دەیان پڕۆژە لەخۆ دەگرێت.''

ماجد سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکانی پارێزگای دھۆک و دەرفەتی  وەبەرھێنان بۆ شاری دھۆک کاریگەریی کردووەتە سەر ڕەوشی پارێزگاکە و گۆڕانکاری زۆر لە دھۆک ڕووی داوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی دھۆکەوە سەردانی شارەکە دەکەن ھەست بە گۆڕانکاری زۆر لە دھۆک دەکەن، پڕۆژەی دیکەش لە پلانی حکوومەتدا ھەن بۆ پارێزگای دھۆک و لە کاتی خۆیدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.''

 

قائید میرۆ