Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەنج و کۆچ

سه‌لام عه‌بدوڵڵا

ماوەیەکە هەواڵی کۆچبەرانی سنووری نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا، سەراپای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی گرتووه‌تەوە و بە پلەیەکی زۆریش لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، بەڕادەیەک کە بووەتە نووچەی گەرم و خەبەری سەرەکی ڕۆژانەیان و بە شێوەیەکی چەواشەکەرانەش بابەتەکە بۆ هەواداران و خوێنەرانیان پەخش دەکەن و تۆمەتی ئەو کۆچەش هەمیشە دەخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو بە هۆکاری سەرەکی ئەم گەلەکۆچە پێناسە دەکەن و بە جۆرێک وێنای هەرێمی کوردستان دەکەن کە خراپترین شوێنی سەر زەوی بێت و بەو پێیەشی ڕۆژانە خەڵکی هاندەدەن کە هەرێم بەجێبهێڵن و ڕوو بکەنە هەندەران. ئەگەرچی ئەو هەموو نەهامەتییەی بەرەوڕوویان دەبێت و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە چاوی خۆیان دەیانبینن کە لە چ دۆخێکی نالەبار و سەختدان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە ڕۆژانە لەسەر ئەو هاندانە هەر بەردەوامن و خەڵکانی زیاتر تووشی هات و نەهات و داهاتووی نادیار دەکەن.

تەنیا سوودمەندیش لەم کارە کارەساتبارە، قاچاخچییە ساختەچییەکان و نەیارانی هەرێمی کوردستانە کە یەکەمیان بۆ بڕینی گیرفانی هاووڵاتییانە و دووەمیشی بۆ چۆڵکردنی هەرێمی کوردستانە لە گەنجانی.

لێرەدا ڕۆڵی نانیشتیمانیانەی ئەو لایەن و گرووپ و ڕەوت و بزووتنەوە نابەرپرسانە، نابێ نادیدە بگرین، کە ئەوانیش یاریدەدەرێکی کارای ئەوانەی ترن و ئەمانیش لە ناوخۆدا هۆکارێکی گرنگی ئەو هاندان و چەواشەکارییانەن، کە لە ڕێی میدیاکان و ئەندامانیانەوە، جا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت یان کەناڵە جۆراوجۆرەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە بێت یان تەنانەت ئەندام پەرلەمانەکانیان، ئەوا ئەوانیش بەشێکن لەو نەهامەتییانەی بەسەر کۆچبەران دێت، کە ئەمڕۆ هەموو بە چاوی خۆمان دەیبینین.

ئەمە لەکاتێکدا هەموو ئەو ڕاستییەش دەزانن گەر کەم و کوڕییەک لە حکوومەتی هەرێم هەبێت، ئەوا هۆی سەرەکی حکوومەتی بەغدایە کە مەسەلەی مووچە و بودجەی کردووه‌تە کارتی گوشار بۆ هەرێم، بەڵام ئەم زاتانە بەرامبەر بە حکوومەتی عێراقی کڕوکپن و ئەو ڕاستییانە لە هاووڵاتیان دەشارنەوە، کە ئەوەش بە کردار دژایەتییەکی ڕاستەوخۆی هەرێم و دەستکەوتەکانی گەلەکەمانە لەم هەرێمەدا.

جا ئێستا ئیتر ئەوە کاری حکوومەتە کە بە دەستێکی پۆڵایین لەو قاچاخچییە چاوچنۆکانە بدات و بە یاسا ڕاپێچی دادگایان بکات و سزای شایستە و توندیان بدات، کە ئیدی نەتوانن لەو کارە قێزەونەیان بەردەوام بن و هەروەک پێویستە بەزووترین کات یاسایەکی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بە هەموو ئەو کەس و لایەن و ڕەوتانە لەژێر هەر ناونیشانێکدا، ئەو کارە دەکەن، دەربکات و ئەوجۆرە کارانە بخاتە چوارچێوەی زیانگەیاندن بە نیشتمان و دانیشتووانی هەرێم و خودی قەوارەی هەرێمەوە و سزای قورسیان بدات و ئەو کارەشیان بە جۆرێک لە خیانەتی نیشتمانی دەستنیشان بکات.