Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سوپاس دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی .. هەموومان قەرزاری نووسەر و کۆمەڵناسی مەزن ئیسماعیل بێشکچین

د.محمد خدر مولود 

لە نێو هەواڵ و رۆژەڤی چالاکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆ دا، زۆر شادومان و بەختەوەر بووم کە لە تیڤییەکان بینم بەرێزتان شەممە 6-11-2021 جارێکی دیکە پێشوازییەکی شایان و شاهانەتان لە نووسەر و کۆمەڵناسی ناوداری تورک  ئیسماعیل بێشکچی کردووە.

ئاخر کورد و کوردستان، نەتەوە و خاکی، چ لە ناوخۆ چ لە دەرەوە دا قەدەری وابووە ( دۆستی کەم، دوژمنی زۆر ) بێ،، یا هەر ( چیاکان دۆستی بێ ).

لە کاتێکدا پیاوێکی مەزنی وەک ئیسماعیل بێشکچی بارتەقای هەموو دوژمن و نەیار و ناحەزانیەتی، بە کتێب و نووسین و بەرهەمەکانی، سەنگی حەقبوون و ڕەوایەتی کوردبوونی پارسەنگی هەموو لاسەنگیەکی جیهانی دەرودراوسێ (تورک و عەرەب و فارس )  ڕاگرتووە و پێگەی سەنگین کردووە بەتایبەتیش لە نێو وڵات و کۆمەڵگای تورکیا دا.

ئەو زاتە، پێشکچی نالی شاعیر گوتەنی، ببوورن من وا بە دەستکاریەکی کەمەوە وا لە شیعرەکەی نالی دەکەم: 

فارس و تورک وعەرەبم  بە دەفتەر گرتووە 

کورد، ساحێبی موڵکە، دیوانی هەیە.

رێزدار مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ..

من دەزانم پێگەی بێشکچی لای جەنابی بارزانی باوک و سەرۆک و رابەر، چەندە سەنگینە و چەندە لە ئاستێکی بەرز و باڵا دا رێزلێگیراوە، بە دڵنیایەوەش لای جەماوەری گەلی کوردستان و ناوەندی ئەکادیمی و رۆشنبیریش ئەوەندە سەنگین و رێزلێگراوە.

وێرای بوونی وەقفی بێشکچی لە هەولێر و لە تورکیا کە دەزگای خێرخوازی بارزانی مەردانە و کوردانە ڕۆڵی کارای هەبووە لە دامەزراندنی، لە دهۆک و زانکۆی دهۆکیش دا ( سەنتەری بێشکچی ) چەندین ساڵە دامەزراوە و سەنتەرێکی چالاک و ئەکتیڤی بەرهەمدارە. لە بواری زانکۆ و لە نێوەندی ئەکادیمیشدا دوای ئەوەی زانکۆی سەلاحەدین بڕوانامەی فەخری دکتۆرای پێ بەخشی وا زانکۆی دهۆکیش بڕوانامەی دکتۆرای فەخری پێ دەبەخشێ.

بەرێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ..

گرنگە لە هەولێری پایتەختی کوردستان ناوەندێک، سەنتەرێک، مۆزەخانەیەکی رۆشنبیری و ئەرشیفی  تایبەت بە بێشکچیی هەبێ.

یا، لە ئێستاوە  تا ئەو زاتە لە ژیاندایە و هیوای تەمەندرێژی و بەختەوەریشی بۆ دەخوازین، هەر لە پایتەختەوە، پەیکەرێکی شایانی بۆ دروست بکرێ و شەقام و گۆرەپانێکێشی بەناو بکرێ.

ئاخر ( یەک دۆست، بارتەقای هەزاران ناحەز و دوژمنە ) چ جای دۆستێکی مەزنی 

وەک ئیسماعیل بێشکچی نووسەر و کۆمەلناسی ناودار و ئەکادیمی و رۆشنفکر.

سڵاو لە بێشکچی .. سڵاو لە هەموو دۆستانی گەلی کوردستان و پرسی نەتەوەییمان لە هەر کوێیەکی دونیا و لە هەر نەتەوەیێک دابن.

هەولێر 6-11-2021