ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نرخی بەنزینی هەرزان کردووە و نەوتیشی کڕیوە و بەسەر ھەموو ماڵاندا دابەشی دەکات، بۆیە ھەنگاوی باشی ناوە و نرخەکان هەرزانتریش دەبێت.
جیھاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان و پێدانی ڕاسپادە بە وەزیر کە ڕێگا بکرێتەوە بۆ ھێنانی بەنزین و ٢٥ ھەزار بەرمیل کە دەکرێتە بەنزین زیاتر بکرێت و ھاوکاریی تاکسی و پاس بکرێت و بۆ ھاوکاریی خەڵک بەنزین هەرزان بێت کە تا ئێستا نرخی دابەزیوە و بووەتە ٧٣٠ دینار و تەنھا ئەوەی ٦٦٠ دینارەکە ھەندێک سڕەی ھەیە، ئەویش چەند ڕۆژێکە و چارەسەر دەبێت و سڕە نامێنێت.''
جیھاد حەسەن باسی لەوەش کرد: ''ھەوڵەکان بەردەوام دەبێت تاوەکوو کێشەی بەنزین بەتەواوی چارەسەر بێت و ھەوڵ دەدرێت نزیکەی ٨٠ دیناری دیکە دابەزێت، چونکە حکوومەت لە بەغدا ملیۆنێک و٨٠ ھەزار لیتری کڕیوە.''
لەبارەی نەوتیشەوە حەسەن ڕوونی کردەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کورستان ملیۆنێک لیتری کڕیوە و بڕیارە ٥٠٠ ھەزار لیتری دیکە بکڕێت و بۆ ھەموو خێزانێک دابەشی دەکات .
بڵند ئیبراھیم