Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عێراق 15 دەستگیرکراوی سعوودی ڕادەست دەکاتەوە

جەنەد ڕیاد ئەلکەعبی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باری شارستانی و پاسپۆرتی وەزارەتی نێوخۆی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دوای بەسەرچوونی سزاکانیان، 15 زیندانیی سعوودی ڕەوانەی ڕیاز کردووەتەوە.

لەنێوان 70 بۆ 80 زیندانیی سعوودی لە زیندانی ئەلحەوتی شاری ناسریەی باشووری عێراق هەن و، سزای جۆراوجۆریان بەسەردا دراوە، کە زۆربەیان بەپێی یاسای دژە تیرۆر بەند کراون و، ڕیاز پێشتر داوای کردووە کە پارێزەران بنێردرێن بۆ بینینی مەرجەکانی دەستگیرکراوەکانی لە عێراق، بەڵام بەغدا لە کاتی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدیدا ڕووبەڕووی ئەو داواکارییە بووەتەوە و ڕەتی کردووەتەوە.

عێراق لە ساڵی 2016 سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو دەستگیرکراوی سعوودی بە ناوەکانی عەبدوڵڵا عەزام و محەمەد ئەلشنجیتی جێبەجێ کرد، لەو کاتەدا تامەر ئەلشەبهان، باڵیۆزی پێشووی سعوودیە لە بەغدا، ڕایگەیاند کە دەستەڵاتدارانی عێراق، تا دوو ڕۆژ دوای لەسێدارەدانیان باڵیۆزخانەیان ئاگادار نەکردووەتەوە.