Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان میوانداری دەکرێت

ھەولێر -KDP.onfo- ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان گوتی، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو وەزیری پەروەردە لەلایەن پەرلەمانەوە میوانداری بکرێت بۆ تاوتوێی کێشەی وانەبێژان و چەند پێشنیارێکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ھەیە.

گولستان باقی سلێمان، ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لیژنەی پەروەردە کۆ بووەوە و تێیدا باس لە کێشەی وانەبێژان کرا کە حکوومەت چۆن بتوانێت کێشەی وانەبێژان چارەسەر بکات، بۆیە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو وەزیری پەروەردە بێتە پەرلەمان و تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکرێت.''

باقی سلێمان باسی لەوەش کرد: ''چەند پێشنیارێک ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، وەکوو ئەوەی لە قۆناغی یەکەمدا مانگانە برێک پارەیان بۆ ببڕێتەوە کە ژیانی پێ بەڕێوە ببەن تاوەکوو حکوومەت دەیانکاتە گرێبەست، یان دامەزراوی ھەمیشەیی، چونکە نزیکەی ٢٠ ھەزار وانەبێژ ھەیە و ئەمەش کێشەیە.''

گوتیشی: ''ساڵانە مامۆستا خانەنشین دەبێت و وانەبێژ لە شوێنیان وەردەگیرێت، بۆیە باشترین کار ئەوەیە ساڵانە بەپێی خاڵبەندی ژمارەیەکیان دامەزرێن، ئینجا چ گربەست بێت، یان ھەمیشەیی بێت، بۆیە چەند پێشنیارێک ھەیە، کە وەزیر ھات لەگەڵی تاوتوێ دەکەین، چونکە حکوومەت لەسەر خەتە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکات.''

 

بڵند ئیبراھیم