Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرەتای ساڵی داھاتوو شوققەكانی سۆران دابەش دەكرێن

سۆران-KDP.info-پڕۆژەی شوققەكانی "بادلیان" لە سنووری قەزای سۆران لە قۆناغی كۆتاییدان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێ، كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە تەواو دەبێت و لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا شوققەكانی سۆران بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن.

 

ھەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەی شوققەكانی سنووری سۆران لە ١٢ تەلار پێك ھاتووە و كۆی یەكەكانیش بریتین لە ١٤٤ شوققەی نیشتەجێبوون، پڕۆژەكە لە ساڵی ٢٠١٢ دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا راگیرابوو".

 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەشڵێت: "لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەست بە تەواوكردنی شوققەكانی سۆران كراوە و بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ ھەموویان تەواو بكرێن، لە سەرەتای ساڵی داھاتووش شوققەكان دابەش بكرێن".

 

نەجیب روونیشی كردەوە: "پڕۆژەكە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دروست دەكرێت و دوای دابەشكردنیان، مانگانە پارەیەكی رەمزی لەو ھاووڵاتیانە وەردەگیرێت، كە شوققەیان لە پرۆژەكە پێ دەدرێت، پارەكەش بۆ سندووقی نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە".

 

قائید میرۆ