Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ڤاکسین بەبێ نۆرەگرتن وەربگرە"

هەولێر-KDP.info-  وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڤاكسین دەكرێتە مەرج بۆ دەوامكردنی فەرمانبەران و مامۆستایان و لەمەودوا وەرگرتنی ڤاكسین سەرەگرتنی ناوێت.

ئەمڕۆ، چوارشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2021، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەیانەوێت بگەنە ئەو بڕیارەی كوتان بە ڤاكسین بكەنە مەرج بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ دەوامكردنیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا و چی دیکە وەرگرتنی ڤاكسین سەرەگرتنی نەوێت.

ئاماژەی بەوەش دا کە ژمارەی بنكەكانی پێدانی پێكوتە زیادیان كردووە، بۆیە فشار لەسەر بنكەكان نەماوە و هەر كەسێك بیەوێت، دەتوانێت ڕاستەوخۆ سەردان بكات و، دەستبەجێ ڤاكسین وەردەگرێت و ناویشی دەخرێتە ناو سیستمی ئەلیكترۆنی.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا باسی كەرەنتینە و داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان لە ئارادا نییە و، ناگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی كەرەنتینە.

 

خێڵان بەختیار