Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی کشتوکاڵ: ئامادەکاری و پلانی باش دانراوە بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ

ھەولێر-KDP.info-   گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ ئامادەکاری و پلانی باش دانراوە و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش کراوە و ھاوکاریی جووتیارانیش دەکرێت و ئەگەر بارانبارین باش بێت، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ملیۆن دۆنم زەویمان ھەیە کە بەکار بێت.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەدڵنیاییەوە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی بتوانین ھاوکاریی جووتیاران دەکەین و بۆ بەرژوەندیی جوتیاران بڕیار دراوە کە گومرگ لەسەر ھاوردەکردنی بنەتۆو و کیمیاوی و قڕکەر نەمینێت، بۆ ئەوەی بارگرانیی سەر جووتیاران کەم بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە، ئەو بڕیارە لە ڕێگەی گومرگی گشتییەوە جێبەجێ بکرێت.''

حەمە کەریم گوتیشی: ''پلانی خۆمان داناوە بۆ ئەمساڵ و ھەماھەنگیشمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق ھەیە و زانیاریمان وەرگرتووە کە دەتواندرێت چەند دۆنم زەوی بکێڵدرێت بۆ وەرزی زستان، چونکە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ملیۆن دۆنم زەوی شیاوە بۆ ئەوەی بەکار بھێندرێت، بۆیە ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھەیە و کاری باش و پلانی باشمان بۆ ئەمساڵ داناوە، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکەین، ئەگەر باران ھەبێت، ڕەنگە ھەموو زەوییەکان بەکار بھێندرێت.''

 

بڵند ئیبراھیم