Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"داستانی پردێ بەرخودان و سەرکەوتنێکی گەورە"

ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٦ ھێزەکانی پێشمەرگە لە شارەدێی پردێی سەر بە کەرکووک توانییان گەورەترین ھێرشی ھێزە عێراقییەکان بشکێنن و ئەفسەرێکی پێشمەرگەش دەڵێت، ھێزی زۆر و چەکی پێشکەوتوو نەیتوانی سەنگەری پێشمەرگە ببڕێت و جیھانی بەئاگا ھێنا.

ڕائید ڕزگار ساڵح، بەشداربووی داستانی پردێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاریگەریی لەسەر تێکچوونی ڕەوشی سەربازی لە کەرکووک ھەبوو، بەڵام پێشمەرگە ھەر زوو توانیی خۆی لەگەڵ ڕەوشەکە بگونجێنێت و پردێی ھەڵبژارد وەک خاڵی بەرگری، ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر ھێرشێکی بەرفراوان بەرەو ھەولێر دەستی پێ کرد، کە زۆرترین ژمارەی چەکدار بەشداریی تێدا کرد و چەندین جۆری چەک بەکار ھات، بەڵام پێشمەرگە توانیی بەرگرییەکی قارەمانانە بکات و ھێرشی ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بشکێنێت.''

ئەو ئەفسەرەی بەشداربووی شەڕی پردێ گوتیشی: "سەرەڕای ڕووداوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ھەبوونی تابۆری پێنجەم بۆ ئەوەی پێشمەرگە ورەی نەمێنێت، بەڵام پێشمەرگە لە ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر وانەیەکی وەھای پێشانی ھێزە عێراقییەکان دا کە ئیتر بۆ جیھان دەرکەوت ئەگەر پێشمەرگە بیەوێت بەرگری بکات، چەکی پێشکەوتوو و ھێزی زۆر توانای بەرەنگاریی پێشمەرگەی نابێت، ئێمە ئەمڕۆ وەک پێشمەرگە شانازی بە خۆمانەوە دەکەین کە توانیمان گەوەترین ھێز و پێشکەوتووترین چەک بشکێنین، ھەروەھا شکست بەو پیلانە بێنین کە دەیانویست لە شکۆی ھەرێمی کوردستان بدەن.''

لیوا حەمە ڕێگر، جێگری ئەوکاتی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک گوتیشی: "دوای خیانەتی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھێزی پێشمەرگە دوای خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکە، بڕیاری دا پردێ بکاتە خاڵی بەرگری، ھێزی پێشمەرگە توانیی لە پردێ پێش بە ھێرشی ھێزە عێراقییەکان بگرێت و داستانێکی نەبەردی تۆمار بکات کە بووە ھۆکاری وەستانی ھێرشەکە، چونکە ئەگەر نەبەردیی پێشمەرگە لە پردێ نەبووایە داگیرکەر نیەتی خراپی ھەبوو لە پێشڕەوی.''

لیوا حەمە ڕێگر دەشڵێت: "داستانی پردی لە جیھان دەنگی دایەوە و کاریگەریی لەسەر بەرەکانی دیکەی شەڕ دانا و لە ھەموو میحوەرەکان پێشمەرگە توانیی ھێرشی عێراق بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بشکێنێت، داستانەکانی مەخموور و پردێ و سحێلا وانەیەکیان پێشانی ھێزەکانی حەشد و عێراقییەکان دا کە گەیشتنە ئەو باوەڕەی ناتوانن بەرەنگاری ھێزی پێشمەرگە ببنەوە، ھەرچەندە زیانەکانی بەرامبەر بێئەژمار بووە لە پردێ، بەڵام داستانی پردێ بە خوێنی حەوت پێشمەرگەی قارەمان تۆمار کرا.''

قائید میرۆ