Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیمێنكی بۆ KDP: پارتی ئامادەیە بۆ ھەر ھەوڵێكی وەھا

هەولێر-KDP.info- بڕیارە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكھەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بەڕێوە بچن، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێ، ئەگەر لە چوارچێوەی یەك فڕاكسیۆنیشدا نەبێت، پێویستە كورد بە یەك دەنگ بچێتەوە بەغدا.

د. جەعفەر ئیبراهیم ئیمێنكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە لە سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ژمارەیەك كۆبوونەوەی تایبەت لەگەل لایەنە سیاسییەكان بەڕێوە ببرێن، ئەویش بۆ زەمینەسازی و باشتركردنی لێكتێگەیشتن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، تا كورد بە یەكھەڵوێستی بچنە بەغدا بۆ دانوستان.

ئیمێنكی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەوڵەكانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەست پێدەكات، بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەك بێت كورد بە یەكدەنگی بچێتەوە بەغدا، ئینجا لە چوارچێوەی دروستكردنی فڕاكسیۆنێكی كوردستانیدا بێت یان ھەر شێوازێكی دیكە، گرینگ ئەوەیە یەكھەڵوێستی ھەبێت".

لەبارەی ھەڵوێستی پارتی بۆ یەكڕیزی و كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان د. جەعفەر دەڵێت: "پارتی ھەنگاو دەنێت و ئامادەكاری بۆ یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان دەكات، بێگومان پارتی ئامادەیە بۆ ھەر ھەوڵێكی وەھا لە پێناو یەكڕیزیی كوردستانیاندا".

 

قائید میرۆ