Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی سەرجەم حیزبەکانی کوردستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حیزبی شیوعی کوردستانیان کرد و پاش کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان سکرتێری مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەیان بۆ مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵیان، رایگەیاند، لە پێناو بەرەوپێشچوونێکی باشتر و بە یەک تیم لەگەڵ هەموو حیزبە کوردستانییەکان کار بکەن و مامەڵە لەگەڵ بەغدا.

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، سەردان و کۆبووەنەوەکانیان بۆ لای لایەنە کوردستانییەکان، لە پێناو بەرەوپێشچوونێکی باشتر و درووستکردنی یەک تیمی هەموو حیزبە کوردستانییەکانە، تا بە یەکەوە کار بکەن و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن، وە سەرنج و تێبینییەکانی ئەو حیزبەشیان بە سینگێکی فراوانەوە وەرگرتووە.

روونیشی کردووە گەر کورسیشیان نەبێت، ئەوا حیزبی شیوعی حیزبێکی کوردستانییە، وێڕای بۆچوونی جیاوازیش بەڵام خاڵی هاوبەشیان هەیە، هاوکات بڕوایان وایە گەر لێکتێگەیشتنی هاوبەش نەبێت، ئەوا کاری هاوبەشیش ناکرێت، بۆیە لەو پێناوەشدا بەشوێن هاوبەشەکانیاندا دەگەڕێن، کە زۆرن و پێکەوە کاری هاوبەش و شۆڕشیان کردووە و حوکمڕانیشیان پێکەوە کردووە، بۆیە ئەوەی بە لای پارتییەوە گرینگە بەرژەوەندی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، هەر ئەوەش بە هاوبەشی گەورەی نێوان لایەنەکان دەزانێت.

میرانی ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە سەرۆکی هەرێم، بانگهێشتی سەرجەم حیزبەکانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی پێکەوە کۆببنەوە، چ ئەو حیزبانەی لە پەرلەمانن یا نا، یا لە حکوومەتن، یا نا، هەموان لە ژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەکرێنەوە.

دواتر کاوە مەحموود رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی کراوە، هاوکات ئەو ئەگەرانەی کە رووبەڕووی کوردستان دەبنەوە، بە تایبەت نوێنەرەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە پێیان وایە ئەوەش گۆڕەپانێکی تێکۆشانە بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، ئەوەش پێویستی بە بەرنامەیەکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، ئەو لایەنانەی ئەندامیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، یا نەبێ.

روونیشی کردەوە، کە دەبێت ئەو بەرنامەیە لەلایەن خەڵکی کوردستانیشەوە پشتگیری بکرێت، چاوەڕێش دەکرێت، ئەو بەرنامەیە لە کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم باس بکرێت و ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

کاوە مه‌حموود، ئاماژەی بەوەشدا، کە دەبێ ئەوەیان لەبەرچاو بێت، کە بۆچوونی ئەوان لە بەشداربوونی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مانای ئەوە نییە کە هەموو گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە دەکات، بەو پێیەی هەندێ لە گرفتەکان مێژووین، وە هەندێکیشی پەیوەندی بە کێشەکانی عێراق هەیە، کە چەمکی هاووڵاتیبوونی تێدا نییە.

 

خێڵان بەختیار