Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: ویستی ئێمە یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و پرەنسیپەکانی هاوبەشی و ڕێککەوتن و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانیی عێراقە

سلێمانی -KDP.info- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەردانەکەیان بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و سۆسیالیست بە تۆڕی میدیایی (ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ویستی ئەوان دروستکردنی "یەکڕیزییە" تاکوو بتوانن "ئەو مافانەی هەن بیانپارێزین و ئەوانەی بەدەست نەهاتوون، بەدەستیان بهێنین." دەشڵێت، کێ پارێزگاری لە مافی کورد بکات، "بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ ئەو دەبین."

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانی بوڵتەنی کاتژمێر 17:00ی تۆڕی میدیایی (ڕووداو) بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد و گوتی، سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر و سلێمانی دەکەن.

لەبارەی ئەوەی کە ئایا یەکێتی و گۆڕان هیچ نیگەرانییەکیان هەبووە لەبارەی ئەو لێدوان و قسانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کراون؟ مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وامان دانا کە ئەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنە کە هەندێک جار هەڵچوون و گەرمی دروست دەبێت. ئێمە ئەو قۆناخەمان خستە پشت و لێی تێ پەڕین. ئێستاش کاتی ئەوەیە بە کردەوە کارەکانی خۆمان بکەین و لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا بەشدار بین."

یەکڕیزی و پشتیوانیی لایەنەکانی کوردستان

هەوڵی پارتی وەکوو گوتەبێژەکەی باسی کرد، ئێستا بۆ ئەوەیە کە ئەو شتانەی لە کارنامەی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا دەنووسرێن، لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانیان بێت. گوتی، ئەوەش "پشتیوانیی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی پێویستە."

مەحموود محەممەد لە وەڵامی ئەو پرسیارەی شەهیان تەحسیندا کە خاڵە هاوبەش و دژەکانی پارتی و گۆڕان و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت چین؟ ڕایگەیاند: "لەم کۆبوونەوانەدا لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت شتێکی وامان باس نەکرد، چونکە ئامانج لە سەردانەکە دۆستانە بوو و بۆ ڕەوینەوەی ئەو نیگەرانییانە بوون کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دروست ببوون. بێگومان سەردانی دیکە دەبن و لیژنەی تایبەت دروست دەبن بۆ ئەوەی بزانین چۆن پێکەوە کار بکەین و لەسەر ئەو پرەنسیپانەی پێشتر دامانناون بەشداریی حکوومەت بکەین."

کورد نەتەوەی دووەمی عێراقە

مەحموود محەمەد پێی وایە کە عێراق بە لایەنێکی دیاریکراو بەڕێوە نابرێت و "ئەوە سەلماوە"، بۆیە دەڵێت: "کورد دەبێت وەکوو نەتەوەی دووەم بەشدار بێت لە دەسەڵات و بڕیارداندا." هاوکات "دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە بەشدار بین لە بەڕێوەبردنی عێراقدا."

گۆڕان بزووتنەیەکە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا

گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا، لەبارەی مامەڵەی پارتی لەگەڵ گۆڕان، مەحموود محەمەد گوتی: "گۆڕان ئەگەر کورسیی پەرلەمانیشی نەبێت، بزووتنەوەیەکە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا هەیە و قورسایی و جەماوەری خۆی هەیە، وەکوو ئەوەی ئێمە ڕێککەوتنی ئیداری و سیاسیمان لەگەڵ گۆڕان هەبووە، تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە، بۆیە پێکەوە دانیشتین و زۆر دۆستانە گفتوگۆمان کرد و لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ هاوڕا بووین."

پارتی دەڵێت، دەیەوێت کورد بە یەکڕیزی بچێتە بەغدا، لەبارەی هەڵوێستی یەکێتییەوە کە هەمان داوای هەیە؟ مەحموود محەمەد گوتی: "هەردوولامان لەسەر ئەوە هاوڕا بووین کە بەڵێ، دەبێت هەموو کوردستانییەکان پێکەوە لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن و پشتیوانی بکەن بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە کە لە داهاتوودا ڕووبەڕوومان دەبنەوە."

تێڕوانینێکی باو هەیە کە دەڵێت، پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە سەدرەوە نزیکە و یەکێتیش لە مالیکی و خەمیس خەنجەر، شەهیان پرسیی ئەوە ڕاستە؟ گوتەبێژی پارتی وەڵامی دایەوە کە پێش هەڵبژاردن شاندیان لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکان کۆ بوونەتەوە، "کام لایەن زیاتر نزیک بێت لەوەی پارێزگاری لە مافەکانی کورد بکات و باوەڕیان وابێت کە کێشە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر دەکرێن، لەگەڵ ئەو لایەنە بەشدار دەبین."

داهاتووی پۆستی سەرۆککۆمار

لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە مەحموود محەمەد ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەموو لایەنەکاندا کراوە لە ساڵی 2003ـوە بەردەوامە و ئەوە یەکلا بووەتەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کوردە، بەڵام بۆ کێ دەبێت "کەوتووەتە سەر گفتوگۆکانمان." داوایشی کرد لایەنەکانی عێراق لێیان گەڕێن کە کورد لە نێوخۆدا ئەو پۆستە یەکلا بکاتەوە. گوتیشی ئەوەی پۆستەکە بۆ یەکێتی دەبێتەوە، "شیاوی گفتوگۆیە."

بە تێڕوانینی گوتەبێژی پارتی، عێراق پێویستی بە هاوبەشییە لەبەر ئەوەی پێکهاتە و دیدگای جیاوازی تێدایە و گوتی، "تێڕوانینمان بۆ حوکمڕانیی عێراق دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت.. بۆیە هاوبەشی و ڕێککەوتن و هاوسەنگی ئەو پرەنسیپانەن کە ئێمە پێیانەوە پابەندین."