Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پلانی دروستکردنی ژمارەیەک تونێل لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و سێ تونێلیش تەواو بوون

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ھەرێمی کوردستان پلان ھەیە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک تونێل و تا ئێستا سێ لەوانە تەواو بوون و بەشێکی دیکەش لە پلاندایە بۆ ئەوەی دروست بکرێن، لەوانە تونێلی کۆڕەک کە تونێلێکی زۆر گەورەیە.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پلانێکی درێژخایەنمان ھەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک تونێل لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت و تا ئێستا ئەوەی پیرمام تەواو بووە و ئەزمەڕ و زاخۆش تەواو بوون و ھاتوچۆیان تێدا دەکرێت.''

ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: ''لە پلاندایە ژمارەیەک تونێل بە درێژایی ٢٦.٢ کم لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دروست بکرێت، کە چەندین تونێلە، لەوانە تونێلی کۆڕەک کە درێژایییەکەی ٧ کم دەبێت و چاوەڕێی بودجە دەکەین، چونکە ھەمووی تونێلەکان بە ترلیۆن دیناری دەوێت، بەڵام ئەوەی کۆڕەک زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری پێویستە، چونکە یەکێک لە تونێلە گەورەکانە.''

 

بڵند ئیبراھیم