Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت: کەس ناتوانێت لە ناوچەی دانانی سندووقەکانی دەنگدان نزیک بێتەوە

ھەولێر -KDP.info- سەرپەرشتیاری ھەرێم لە لیژنەی باڵای ئەمنیی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، شوێنی دانانی سندووقەکانی دەنگدان زۆر ئارامە و ھێزێکی زۆر چاودێریی دەکات و ھیچ کێشەیەکی نییە و ئەو سندووقانەی گومانیان لەسەرە دووبارە بەدەست دەژمێردرێنەوە و بڕیارە پرۆسەکە تا ٢٠ی مانگ بەردەوام بێت و دواتریش ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیندرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری ئەو شوێنە کۆ کراونەتەوە کە سندووقەکانی دەنگدانی لێیە و ھیچ مەترسییەک لەسەر سندووقەکان و ناوچەکە نییە و چاودێرییەکی چڕی دەکرێت، بۆیە ھەموان دڵنیا دەکەینەوە کە سندووقەکان دەستکاری ناکرێن''.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی، تاوەکوو ٢٠ مانگ ئەنجامی کۆتایی ڕاناگەیەندرێت و ئەوەی گومانی لێ بکرێت بەدەست ھەژمار دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ھیچ گومانێک نەمێنێت.

تەڵعەت باسی لەوەش کرد، ئەوانەی دەڵێن کە مەترسی ھەیە ھێرش بکرێتە سەر ناوچەکە، ڕاست نییە و، ھێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە چاودێریی ناوچەکە دەکەن و کۆمسیۆن بەئارامی کاری خۆی دەکات.

 

بڵند ئیبراھیم