Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەناف حەسەن: ئەگەر ھەمووی دەنگەکان حیساب بکرێن، کورسییەکانی پارتی زیاد دەبن

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی، لە مووسڵ تەنھا لە بازنەی دووی دەشتی نەینەوا دەنگی ١١٤ وێستگە ھەژمار نەکراوە، ئەگەر دەنگی ئەو وێستگانە ھەژمار بکرێت، کاندیدێکی دیکەی ئێمە سەر دەکەوێت، بەمەش ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە مووسڵ دەبێتە ١٠ کورسی.

مەناف حەسەن، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە مووسڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ٩ کورسیی بەدەست ھێناوە؛ لە شنگال سێ کورسی، لە دەشتی نەینەوا سێ کورسی، لە تەلەعفەر یەک کورسی و لە سنووری مەخموور دوو کورسی.''

مەناف حەسەن گوتیشی: ''لە سنووری بازنەی دووی دەشتی نەینەوا ١١٤ وێستگە نەخوێندراونەتەوە و تەنھا لە ھەشت وێستگە لە وانکێ کاندیدەکەی ئێمە ھەزار و ٤٤٦ دەنگی ھێناوە، جگە لە فایدە و دۆمیز و ناوچەکانی دیکە، بۆیە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت ئەو کاندیدەشمان سەر دەکەوێت کە ئەویش عەبدولسەلام شەعبانە، چونکە زیاتر لە پێنج هەزار دەنگی ھێناوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین کە ئەو دەنگانەش ھەژمار بکرێن و کورسییەکی دیکە بۆ پارتی زیاد بێت و ببێتە ١٠ کورسی.''

بڵند ئیبراھیم