Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە شنگال ژمارەیەک چەکداری دیکە دەستبەرداری پەکەکە بوون"

شنگال -KDP.info- لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شنگال ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدار دەستبەرداری ڕیزەکانی پەکەکە بوون. بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، سەرکەوتنی پارتی لە شنگال خەڵکی سەر بە پەکەکەی بێئومێد کردووە.

ڕەڤو خەلەف، بەرپرسی ناوچەی گۆھبەلی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠٠ تا ٥٠٠ چەکداری سەر بە ھێزەکانی پەکەکە لە شنگال وازیان لە پەکەکە ھێناوە و لای ئێمە ناویان تۆمار کردووە، ئەوەش دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هات کە خەڵکی سەر بە پەکەکە لە شنگال بێئومێد بوون، واتا سەرکەوتنی ھەرسێ کاندیدی پارتی لە شنگال کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەوەی خەڵک لە شنگال دەستبەرداری پەکەکە بن.''

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەو خەڵکەی پێشتر بە ھەر ھۆکارێک پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردبێت، یان چەکداری پەکەکە بووبێتن، ئێستا بەشی زۆریان پەشیمانن لە خەباتیان لەنێو ڕیزەکانی پەکەکەدا.''

ڕەڤو خەلەف ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە ژمارەیەک لیژنەمان ھەیە بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکدارانەی واز لە ڕیزەکانی پەکەکە دێنن، پێویستە کەسێکی دەستبەرداری پەکەکە دەبێت، بەڵگەی ھەبێت کە چەکداری پەکەکە بووە و زانیاریی دروستی لێ وەردەگیرین و بۆ سەرەوەی خۆمانی ڕەوانە دەکەین.''

قائید میرۆ