Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئازاد جوندیانی: پارتی بانگەشەیەکی شایستەی بەڕێوە برد

هەولێر -KDP.info- پارتی لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەردا شێوازێکی نوێی بانگەشەی داھێنا و ڕاوێژکارێکی سەرۆک بارزانیش دەڵێت، شێوازی نوێی بانگەشەی پارتی کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەو سەرکەوتنەی پارتی بەدەستی ھێناوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەبێت ئەمە بکرێتە دەست بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو.

ئازاد جوندیانی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شێوازی ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بە شێویەک بوو کە ھەندێ خەڵک پێیان ناخۆش بوو، چونکە بۆ ڕیکلام و بانگەشە پەنا دەبرایە بەر زۆر شێوازی ناشایستە، بانگەشەی ئەمساڵی پارتی زۆر شتێکی جوان و شایستە بوو، بەتەواوەتی پێچەوانەی ھەندێ لایەنی دیکە خۆی لە تانە و تەشەر و قسەی زبر پاراست، ئەمە شێوازێکی مۆدێرنی بانگەشە بوو، ھیچ کەسێکیش ناڕەحەت نەبوو لەو شێوازەی بانگەشەی بۆ کرا.''

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک بارزانی دەشڵێت: "خۆم لە ناوچەی سۆران بەشداریی بانگەشەم کرد، کەس دڵگران نەبوو بەھۆی بەڕێوەچوونی بانگەشەوە، چونکە سەردانی خەڵک دەکەی و لەگەڵ ئەوانەی ھەواداری تۆن، یان ھەواداریش نین، بەھێمنی دەچییە لایان و قسەیان لەگەڵ دەکەی، ئەمە خەڵک دڵخۆش دەکات، پارتی لە بانگەشە پێشڕەو بوو، پێویستە ھەر پێشڕەو بمێنێتەوە و لەمەودوا جوێندان و لەکەدارکردنی کەسانی دیکە کۆتاییی بێت.''

جوندیانی گوتیشی: "لە ماوەی پانزدە ساڵی ڕابردوودا قوتابخانەیەک لە ھەرێمی کوردستان سەری هەڵدا کە ڕیکلام و کەمپینی ھەڵبژاردن بە مانای ئەوەیە کە دەبێت جنێو بە خەڵکی دیکە بدەی، دەبێت خەڵک و کاندیدی دیکە سووک بکەی، ھەتا لە ھەندێ شوێن، کاتی خۆی لە سلێمانی ھەندێک ھێز شەڕیان دەکرد و کۆتەکیان بەکار دەھێنا دژی بەرانبەرەکەیان.''

ئازاد جوندیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بێگومان شێوازی بانگەشەی ئەم جارە کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەو سەرکەوتنەی پارتی بەدەستی ھێناوە، بەڵام ئەمە تەنیا ھۆکارێک نییە بۆ سەرکەوتنی پارتی، ھۆکاری دیکەش ھەن، لەوانە مێژووی پارتی و ھەڵوێستەکانی پارتی لە ڕیفڕاندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەمانە ھەمووی ڕۆڵی ھەبووە لە سەرکەوتنی پارتی، جگە لەوەش، ئەو ھەنگاوانەی حکوومەت بۆ چاکسازی ناویەتی، کاریگەریی ھەبووە لەسەر سەرکەوتنی پارتی.''

قائید میرۆ