Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆ قادر: ھەموومان بینیمان بانگەشەی پارتی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی بەدواوە بوو

هەولێر-KDP.info- شێوازی بانگەشەی پارتی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق جیاواز بوو لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێ، شێوازی ھێمنانەی بانگەشەی پارتی، کاریگەری ھەبوو لەسەر ئەوەی بانگەشەیەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت دوور لە ھەڵچوون و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەوەی خەڵک دەیەوێ لێی تێبگات، ئەوە بێگومان واقعە نەک ھوتاف و دروشمی بێ بنەما.

سەرۆ قادر، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو شێوازی ھێمن و مەدەنیانەی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە سەرکردایەتیی پارتی بە رێنوێنیی سەرۆک بارزانی ئەنجامی دا، لە لایەک رۆڵێکی گەورەی ھەبوو خەڵک بە شێوەیەکی ھێمن و دوور لە ھەڵچوون گوێیان لەو بیروڕا و پڕۆژەیە بێت، کە پارتی بۆ عێراق ھەیەتی و خێروبێری بۆ کوردستان چی دەبێت، بەڵام لە راستیدا ئەم شێوازی ھێمنی حیوارکردنە ھی پارتی و رێبازی بارزانییە، لەبەر ئەوەی خاوەنی روانگەیەکی روونە، چونکە رێبازی بارزانی خاوەن عەقیدەیەکی مێژوویی کۆمەڵایەتییە، کە ئامانجی بەختەوەری و رێکخستنی کۆمەڵگایە، پێموایە شێوازی زۆر ئاسایی پارتی و بارزانییە، ئەگەر لە قۆناغی پێشوودا رەوشی سەختی کێبڕکێی ناوخۆ نەبوایە، لە پارتی نەدەوەشایەوە پەنا بۆ ھەڵچوونی راگەیاندن ببات".

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەوەی خەڵک دەیەوێ لێی تێبگات، ئەوە بێگومان واقعە نەک ھوتاف و دروشمی بێ بنەما، کە زیاتر ئەو رێکخراوانەی توندڕۆن بەرژەوەندییان ھەیە و مافیان و سەر بە دەرەوەن، یانیش لە بنەڕەتدا ئامانجیان دیار نییە پەنا بۆ ئەو شێوازەی دروشمی بریقەدار بەرن، ئەمە لە پارتی ناوەشێتەوە، پارتی بەوە بەناوبانگە رێبازێکی ھەیە ھەموو تێکوشەران لە پێناوی کوردایەتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی کۆدەکاتەوە و رووی لە ئازادی و ئاوەدانکردنەوەیە، بۆ عێراقیش ھەروا، ئێستا گەورەترین بانگی نێو عێراق لەلایەن جیھانیان و عێراقشەوە ئەوەیە لە کوردستانەوە گوێیان لێ دەبێت مادام ناچارین لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە، بەشدار دەبین لە بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی بە شێوەیەکی ئەوتۆ، کە لە بەرژەوەندیی ھەموو عێراقییەکاندا بێت، بەڵام لەوێشەوە بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان تەعبیر لە خواستی راستەقینەی گەلی کوردستان دەکات و مافی گەلی کوردستان بنێردرێت، ھەروەھا کوردستان بەشێکی گرینگی عێراقیش بێت، ئەمە ئەم دروشمەیە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێش ھەڵبژاردن و لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئاماژەی بۆ کرد، تا جیھان بزانێت مادام کوردستان ناچارە لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە، بەشدارییەکی مەعقوولی ھەبێت لەسەر بنەمای مافی دوو میللەت".

سەرۆ قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دروشمی پارتی لەو ھەڵبژاردنە تەواو گونجاو بوو، ھەروەک بینیمان به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە راسپێردرابوو سەرکردایەتیی ھەڵمەتی راگەیاندن بۆ تێگەیاندنی خەڵکی کوردستان بکات بۆ پاڵپشتیی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەموومان بینیمان ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی بەدواوە بوو، سەرکەوتنی پارتی  جێگەی دڵخۆشی و شانازییە و ھەموومان ھیوادارین لە کردەوەشدا دەستکەوتی زیاتری بەدواوە بێت، ئەم سەرکەوتنە زیاتر ھانی پارتییەکان و سەرکردایەتی  بدات، کە زیاتر لەسەر رێبازی بارزانی، رێبازێکە کە تەواو گونجاوە لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی کوردستان، دەستکەوتی زیاتری ھەبێت و من گەشبینم بەو سەرکەوتنە".

 

قائید میرۆ