Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کێ خەڵات کراو، کێ سزا درا؟

 

هاودەنگ فاروق

 ‎پارتی لەم هەڵبژاردنەشدا توانیی متمانەی بەرزی زۆرینەی گەل وەرگرێتەوە، پارتی بە ژیری و پلانی شەوخستنەسەر ڕۆژی كادیر و خەڵكی دۆست و دڵسۆزی سەرۆک بارزانی و ئۆرگانە دامەزراوەییەكان و پابەندی و پرەنسیپی حزبیی ئەندام و جەماوەرە دڵسۆز و سەرڕاستەكەی توانیی سەر بكەوێت و سەپرایزی بۆ دۆست و نەیاران هەبێ.

‎ پارتی سەرکەوتنی ئەمجارەیشی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هێزێکی خاوەن سەنگ و پێگەی سیاسیی کوردستانی و متمانە و حساب بۆكراوی میللەتی خۆیەتی، ئەوەش نهێنیی ڕەگداكوتانی ئەو درەختە دێرین و ڕەسەنەیە کە پێی دەڵێن: پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئەو پارتەی كێوێك توانا و وزەی نەچاوەڕوانکراوەی هەیە، زیاتر لە ٧٥ساڵە ڕیشەی لە ناخی خاك و میللەتەكەیدا داکوتاوە. 

ئەمجارە پەرلەمانی ئێراق، دەبێتە گۆڕەپانی شەڕە نەتەوایەتییەكانی كورد، پێشمەرگەكانی بارزانی لە سەنگەرەكانی بەرگری لە مافە دەستووری و سیاسییەكانی خەڵكی كوردستاندا دەبن و، هیچ هێزێكی شۆڤێنی ناتوانێت دەستدرێژی و دەمدرێژی بكاتە سەر هەیبەت و شكۆی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵک.

لێرەوە ئیدی پێویستە هێزە سیاسییەكانی كوردستان، لە ژێر باڵی خەتێكی نەتەوەیی هەنگاوەكانیان یەک بخەن، گەورەترین فراكسیۆنی كورد لە نوێنەرانی عێراق، فراكسیۆنی پارتی، دەبێتە چەترێكی سیاسی و نەتەوایەتی. 

لە دوای ئەوەی خەڵكی كوردستان سزای هەموو ئەوانەیان دا كە لە هێڵی نەتەوەیی لایان دابوو، پەیامی خۆی دا بە پەرلەمانتارە تازەكانیش، كە ئیتر بازاڕی پشتكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان كۆتایی هات، كێشەی كورد گەڕایەوە سەر سكە سروشتییەکەی خۆی و، پەرلەمانتارەكان هەمووان پێكەوە دەبێت لەو پەیامە  تێگەیشتبێتن.

 بەو پەیامەش هێڵی نەتەوەیی، پێشمەرگەكانی بارزانی درەوشانەوە، ڕێگەیان نەدا كێشەی كورد بچووک بكرێتەوە و بەلاڕێدا ببرێت، بۆ لەمەودواش، كێشەی خاک و سەروەری و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، بە ڕێنمایی سەرۆک بارزانی و دەستپێشخەرییەكانی تیمی پەرلەمانی پارتی، وەك یەک پاكێچ لە ئەجێندای سیاسەتی ئێراقیدا دەچەسپێنرێن و كاریان لەسەر دەكرێت. 

ئەوەش گەورەترین سەركەوتنە بۆ هەموو كورد، پارتی بەو دەنگی یەكەمە نەک لە خۆی دەرناچێ، بگرە لە وەڵامی ئەو متمانەیەدا، هەوڵ دەدا زیاتر و شێلگیرانەتر لە جاران خزمەتی میللەت و نیشتمانەكەی بكات و، زیاتر ئاوڕ لە ئێش و ئازاری خەڵكی خۆی بداتەوە.