Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن

 

‎بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 

‎هەولێر -KDP.info-بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم. 

 

پیرۆزبایی لە كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە توانیان لە كێبڕكێیەكی مەدەنی و ئارامدا سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی و ڕێبازەكەیان مسۆگەر بكەن و ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بكەن. سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای  سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە و، پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە گەلی كوردستان لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری مێژوو و بەهاكانی نابێت. پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن و،  هەمیشە ئەو ئامۆژگارییە بە نرخەی بارزانیان لەبیر بێت، "لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن".

 

‎هەر بەم بۆنەیەوە سوپاسی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دەزگا ئەمنییەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە بە شەونخونی و ماندووبوونیان بوونە هۆی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هەروەها ڕۆڵی بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەرز دەنرخێنین.

 

‎سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئیرادەی گەل و سەركەوتنی دیموكراسیە. هەر بۆیەش هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن و، لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بنیات بنێنەوە.

 

‎جارێكی تر سوپاس بۆ گەلی كوردستان و سوپاسی تایبەتیش بۆ خوشك و برایانی خۆڕاگر و خاوەن بیروباوەڕ لە كەركووكی دڵی كوردستان.

 

‎مسعود بارزانی

‎١١ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١