Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی ئەڵمانی و ئیتاڵی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)یان کرد

هەولێر -KDP.info- لەلایەن بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دیسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازی کرا لە شاندێکی پێک هاتبوون لە پاولۆ براگا، باڵیۆزی گەورەترین ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و سەرۆکی ڕیکخراوی ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هاوڕێیەتیی کەسایەتیی ئیتاڵی، پرۆفیسۆر ئەرتۆر دیماشۆ، کە لە سەردانیاندا بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)یان کرد.

شاندەکە ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و ڕایگەیاند، دەبێت دوای داعش، هاوکاری و پشتگیرییەکانی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی تیرۆر بەردەوام بێت بۆ گەشەپێدان و بنیادنانی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان و مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، چونکە کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەی پاراستنی مرۆڤایەتی و تیکشکاندنی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهان (داعش)دا بوون و بۆ پاراستنی کوردستان و پیکهاتەکانی و جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆریان کرد و بەم قوربانیدانەشیان جیهانیانیان تووشی سەرسامی کرد و کوردستان پێشوازیی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕی داعش کرد و پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکانی پاراست و ڕیگر بوو لەوەی جینۆساید بکرین و، سەرەڕای دۆخی سەختی شەڕ و قەیرانی ئابووری و مرۆیی، کوردستان بوو بە شوینی داڵدەدانی ئەو مرۆڤانەی سەر بە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بوون و تووشی هەڕەشە و مەترسی هاتبوون. هەروەها هەرێمی کوردستان کۆمەڵگایەکی ئازاد و فرەنەتەوەی بنیات ناوە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان دابین کراوە و ئەم هەرێمە بەردەوام لە بواری گەشەپێدان و دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕیندا لە پێشکەوتندایە و سیاسەتێکی سەرکەوتووانەی لە ناوچەکەدا پەیڕەو کردووە بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و شارستانی و فرەیی، هەربۆیە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بیت و ئەزموونی دیموکراسی و حوکمڕانی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا پیگەیەکی بەهێزتری هەبێت، دەبێت پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو ئاستەکاندا بەردەوام بن.

شاندەکە ڕایگەیاند کە لەڕێگەی دامەزراوەکانیانەوە هەوڵ دەدەن زۆرترین پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ ئەوەی لە بواری مرۆیی، خیرخوازی، ئازادی، پیکەوەژیان، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیدا زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکریت، بەتایبەت زۆر گرنگە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە وەبەرهێنەران لە بواری گەشەدان بە سیستەمی پەروەردەیی و تەندرووستی و کۆمەڵگای مەدەنیدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دیموکراسییەکانی بکەن.

شاندەکە هیوای سەرکەوتنیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و عێراق خواست و پیرۆزبایییان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە وەک پارتی حوکمڕان، دۆخیکی ئازاد و دیموکراتی ڕەخساندووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێوان هەموو گرووپ و پارتە سیاسییەکاندا و ئاواتی سەرکەوتنیان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خواست کە لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا بە پلەی یەکەم بمێنێتەوە و لە پێشکەوتن و گەشەپێدان بەردەوام بێت کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە لە خەبات و قوربانیدان بۆ مافەکانی گەلی کورد و پیکهاتەکانی کوردستان و کۆمەڵگایەکی ئازاد و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە بە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کورد لە بەغدا دەتوانێت بەهێزتر دەربکەوێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری و سەرخستنی دیالۆگ و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەو دیدارەدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاس و ستایشی پشتیوانی و هاوکارییەکانی وڵاتانی ئەڵمانیای فیدراڵ و کۆماری ئیتاڵیا و وڵاتانی تری ئەورووپا و جیهانی کرد کە لە ساتەوەختە سەختەکاندا پشتیوانی و هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کرد و بەتایبەتی ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکوومییەکانی بەرز نرخاند.

لە تەوەریکی تری دیدارەکەدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە فراوانی باسی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەری کرد و دیدگا و پیشبینییەکانی پارتیی خستە ڕوو کە هەڵبژاردن گۆڕانی هیوابەخش بەدوای خۆیدا بێنێت لە ژینگەی سیاسی و حوکمڕانیی عێراقدا و، باسی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر دیموکراسی و ئازادی و پیکەوەژیانیشی لە عێراقدا کرد کە بەهۆی هێزە توندڕەو و میلیشیاکانەوە عێراق بووەتە شوینی ململانێ و دەستوەردانی هێزی دەرەکی، لە کاتێکدا ئێستاش هەڕەشە و مەترسییەکانی دیکەی تیرۆریزم هەر ماون و خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دوای داعش و مەینەتییەکانی شەڕ پێویستیان بە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ژیانێکی ئازاد و شارستانی بۆ گەشەپێدان و بنیادنانی دامەزراوە دیموکراتییەکان و حوکمڕانییەکی تەندروست و بنبڕکردنی گەندەڵی و بنیادنانی سیستەمێکی دیموکراسی لە وڵاتدا هەیە کە پێویستە هاوکاری و پشتیوانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بن.

هۆشیاو سیوەیلی لە درێژەی دیدارەکەدا بە فراوانی باسی دۆخی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی کرد کە ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ چالاکیی سیاسی و مەدەنی و ئابووری و وەبەرهینان لە بوارە جیا جیاکاندا و بۆ ئەم مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک دەکەن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانی وەبەرهینانی بیانی لە کوردستاندا.