Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی

عومەر نورەدینی

لە وتارەکەیدا کە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشکەشی کرد، هێژا نێچیرڤان بارزانی چەند پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سلێمانی کرد کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین:

یەکەم: ئەو هێما و ڕەمزانەی وێنەی ڕاستەقینەی سلێمانی بەرجەستە دەکەن بریتین لە ئەدەب و ڕۆشنبیری، ئازایەتی و ئازادیخوازی، مەدەنیەت و شارستانی، داهێنان و نوێخوازی و لێبوردەیی، نەک جنێودان و ئیرهابی فکری و پەشێوخوازی و توندوتیژی لە گوتار و ڕەفتاری سیاسی دا ئەمانە  بە کلتوری ڕەسەنی سلێمانی نامۆن.

دووەم: لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا سلێمانی متمانەی سیاسی بە چەندین حزب و لایەنی سیاسی بەخشی و ڕێگای پێدان حوکمی بکەن بەڵام ئەوانەی لە سلێمانی دەسەڵات و سامانیان لە دەست بوو نەیان توانی بە باشی بیخەنە خزمەتی سلێمانیەوە لەم بارەوە جۆرێک لە پاشاگەردانی هەیە، نێچیرڤان بارزانی پێی گوتن متمانەی خۆتان بە پارتی بدەن و حوکمی ڕاستەوخۆی پارتیش تاقی بکەنەوە، پارتی ئەو متمانەیەتان دەپارێزێ و بەزایەی نادات، لەم هاوکێشەیەدا پێش پارتی سلێمانی  و کوردستان براوە دەبن.

سێیەم: ئەو ڕەوت و ڕوئیا سیاسیەی بانگەشەی نامۆ بوونی پارتی دەکات لە سلێمانی ڕەوت و ڕوئیایەکی هەڵە و مایە پووچە، ڕەگی پەیوەندی بارزانی نەمر لە گەڵ سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروست بوونی پارتی، لە دوای دروست بوونی پارتیشەوە، ڕەگی درەختی پارتی لە سلێمانی بە خوێنی هەزارەها شەهید ئاو دراوەو لە ئێستاش دا دەیان هەزار کادر و ئەندام و لایەنگر لە ژێر سێبەری ئەو درەختەدا ئاڵای خەبات و تێکۆشانی سیاسیان دەشەکێتەوە، پەیوەندی پارتی لە گەڵ سلێمانی هەر ڕەهەندی سیاسی نیە، بەڵکو ڕەهەندی کۆمەڵایەتی دامەزراو لە سەر خوێن و دەماریشی هەیە، نێچیرڤان بارزانی خۆی وەک فیگەر و کەسایەتیەکی سیاسی باڵای خاوەن کاریگەری و هەژموون سلێمانی توخمێکی سەرەکی پێکهێنەری ناسنامەکەیەتی و خوێنی سلێمانی لە دەمارەکانیدا دەگەڕێ، لەم بارەوە بە کورت و پوختی بە سلێمانییەکانی وت: پارتی و سلێمانی لێک دانابڕێن، پارتی هی ئێوەیە و بەهی خۆتانی بزانن ئەگەر دەرفەت و متمانەی زیاتری پێ بدەن بۆتان دەسەلمێنێ بۆ سلێمانی چەند بە پەرۆشە.