Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانى هەزاران پارچە زەوی تاپۆ ده‌كرێن

هەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ٢٠ هەزار پارچە زەوى لە سنوورى شارەوانیى هەولێر تاپۆ دەکرێن و فەرمانگەکانى ڕاسپاردووە بە زووترین کات کارتەکان بکەن بە تاپۆ.

ئەمڕۆ، یه‌كشه‌ممه‌، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تاپۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، نزیکەى ٢٠ هەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراون بە تاپۆ و کاریان تەواو بووە، لەوانە سێ هەزاریان بوونەتە تاپۆ و حەوت هەزاری تریش لە حەفتەى داهاتوودا تەواو دەبن.

د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەرى گشتیى تاپۆى خانووبەره‌ى هەرێمی كوردستان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتى: لەسەر فەرمانى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، یەکەیەک دیاری کراوە بۆ ئەوەى هەرچی کارتى زەوى هەیە بکرێن بە تاپۆ، بۆیە ئێمەش چالاکانە کارەکانمان دەست پێ کردووە. ئەمڕۆش سێ هەزار و ٣٥ کارتى زەوى دەکرێن بە تاپۆ بۆ هاووڵاتییانى قەرەبووکراوەی گوندى کۆری و جووتیارانى گەڕەکى بەختیارى.

گوتیشی: ١٥ هەزار کارتى دیکە کاریان لەسەر دەکرێت، کە کاری سێ هەزار و ٥٠٠ کارتیان لە ١٠ ڕۆژى داهاتوودا تەواو دەبێت و کاری حەوت هەزار کارتى دیکەش لە کەرتەکانى دیکەى شارەوانى بەردەوامە. هەروەها سێ هەزار کارتى گەڕەکى ژین چاوەڕێی شارەوانیى هەولێر دەکەن تا نەخشەى دابەشکارىیەکەیان بنێرێت بۆ ئەوەى ئەوانیش بکرێن بە تاپۆ.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانىی هەولێریش گوتى: ئێمە لە سەرۆکایەتیى شارەوانی هەولێر ١٢٠ هەزار پارچە زەویمان هەبوو کە هەموویان کارت بوون و نەکرابوون بە تاپۆ، ئەمساڵ ٨٠ هەزار کارت کراون بە تاپۆ و ئێستا ٤٠ هەزار کارت ماون بۆ ئەوەى تاپۆ بکرێن و بەدڵنیاییەوە تا ساڵى داهاتوو هەموو ئەو زەوییانە دەبن بە تاپۆ.

باسی لەوەش کرد کە لە حەفتەى داهاتووەوە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەى ئەو ژمارە تەلەفۆنانەى بڵاو دەکرێنەوە سەردانى فەرمانگەکان بکەن بۆ ئەوەى مامەڵەکانیان ڕایی بکەن.

 

قائید میرۆ