Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆچی گرنگە دەنگ بە پارتی بدەیت

بێستون مەسعوود ساڵەیی

هەڵبژاردن ڕێگایەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نوێنەرایەتییەی کە پێتوایە خزمەتت دەکات و لە ویست و داخوازییەکانت زیاتر حاڵی دەبێت و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تۆی تاک

نزیکترە.

لە جیهانی دیموکراسی و مەدەنییەتدا مرۆڤ ئازادە لەوەی کە هەڵیدەبژێرێت، بەڵام گرنگتر لەوە پێویستە ئاگادار بێت کە کێ هەڵدەبژێرێت، کێ پارێزگاریت لێ دەکات و کێ کار بۆ ئایندەی خۆت و خانەوادەکەت دەکات؟ گرنگە شارەزاییمان هەبێت لە مێژووی هەر پارتێکی سیاسی و بەرنامە و کارنامەکان بە باشی هەڵبسەنگێنین.

بۆ کەسێک کە بە نیاز بێت دەنگ بدات پێویستە بەدوای باشترین ئەو پارتەدا بگەڕێت کە زۆرترین دەستکەوت و زۆرترین قوربانی بۆ نیشتمانەکەی بەخشیبێت، چونکە نیشتمانێک کە تۆی تێدا دەژیت پێویستی بە خەمخۆری و خوزمەتگوزاری و پارستنی گیانی تۆی تاک هەیە، دەبێت ئەو پارتە هەڵبژێریت کە زۆرترین خزمەتت پێشکەش بکات، دەبێ ئەو لایەنە هەڵبژێریت کە وتە و قسەکانی ڕاستەوخۆ دەبن بە کردار، دەبێت پارێزەر و خەمخۆری نیشتمان جیا بکەیتەوە لەوانەی تەنها دروشم و بەڵێنی بریقەدار هەڵدەواسن.

پێویستە دەنگ بۆ ئەو لایەنە بێت کە لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکاندا لە گەڵ گەلەکەی دەمێنێتەوە، بەڵێ پارتی ئەو لایەنەیە کە لە پرسە نەتەوەییەکاندا خاوەن هەڵوێستی بەرزی نیشتمانییە، نەتەوە و خاک لای پارتی سازشی لەسەر ناکرێت.

ئێمەی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان هێشتا لە نیوەی ڕێگاداین، پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حزبی سیاسیە کە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ هەر دروشمێکی بەرز کردبێتەوە کاری بۆ کردووە و بە قۆناغ دروشمی گۆڕیوە بۆ کردار و ئامانجەکانی پێکاوە.

گەر تۆی دەنگدەر بە مێژووی پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا بچیتەوە دەبینی پارتی ئەو حزبەیە کە زۆرترین هەڵوێستی نیشتمانیی نواندووە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، هەمیشە خۆی بە خاوەنی نیشتمان و گەلەکەی زانیوە و خۆی بە بەرپرس و پارێزەری کوردستان زانیوە، لەهەمبەر هەموو داگیرکارێک وەستاوەتەوە و لە پێناو ئاڵاو بەرگریکردن لە شکۆی تاکی کورد سینگی قەڵغان بووە.

پارتی ئەو هێزەیە کە چاوی لە پێشکەوتن و بەهێزکردنی پێگەی کوردستانەو هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە ئاڵای کوردستان وەکو ئاڵای هەر دەوڵەت و نەتەوەکانی دی شەکاوە و بەرز و ڕێزلێگیراو بێت.

لە سایەی دەسەڵاتی پارتیدا دەبینین ترافیکی سیاسی و سەردانی سەرۆک و شاند و وەزیرانی وڵاتان بۆ کوردستان و بینینی سەرکردەکانی کورد جمەی دێت و ناوی کوردستان و پێگە و خەڵکەکەی بەرز ڕاگیراوە.

کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگیی سیاسی لە ناوچەکە، ئەمە هەمووی لە سایەی ئەو سیاسەتە ڕاست و دروستەی پارتییە کە لەگەڵ دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیهان پەیڕەوی دەکات.

پارتی و ئاوەدانی چەمکێکن لە یەکدی جیا ناکرێنەوە لە هەر کوێیەک پارتی بوونی هەبووبێت ئەو جێگایە شارستانیەت و خۆشگوزەرانی رووی تێ کردووە، لە هەر باژێر و گوندێکی ئەم کوردستانە پارتی دەسەڵاتی تەواوی لێ هەبێت ئاوەدانی لە بووژانەوە بووە، پارتی لە کوێ بوو بێت بازرگانی و پیشەسازی و هەلی کار و دەرفەتی خۆدروستکردن زیاتر ڕەخساوە.

لە فەرهەنگی پارتیدا گرووپ و میلیشیای تایبەت و سەرانە و ڕێگریکردن و فرەباڵ و فرە کوێخایی جیێگەی نابێتەوە، ئەوەی لە فەرهەنگی پارتیدا هەیە تەنها کارکردنە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و بەهێزکردن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

لە لای پارتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمان هێڵی سوورە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانی کوردستان لە ئەولیاتی کارەکانییەتی، بۆیە دەبینین ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی لە هەولێر هەیە بە شەونخوونی و دڵسۆزی هاتووەتە دی و کوردستان لە سایەی پارتیدا بە شوێنێکی سەقامگیریی ناوچەکە دادەنرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوای تەواوی بە پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان هەیەو لە ئەرزی واقعیشدا پارتی بووەتە مینبەر بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و زۆرترین ڕەنگ و دەنگ و ئایینی جیاوازی لە خۆی کۆ کردووەتەوە، لەم دیدگایەوە دەبینین کوردستان نەک هەر بۆ هاووڵاتییانی خۆی بەڵکو باوەشی فراوانی بۆ سەرجەم ئاوارەو لێقەوماوان بە بێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە کردووەتەوە.

زۆرێک لە لایەنەکان باسیان لە دادپەروەری و نەمانی گەندەڵی دەکرد، خەڵکانێک بۆ مەرامی خۆیان موزایەدەی زۆریان کردو بە جۆرێک نیشانیان دەدا کە ئەوانن فریادڕەس و بە دیهێنەری دادپەروەرین، بەڵام پارتی جیا لە سەرجەم حزبەکانی دیکەی کوردستان بڕیاری چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵیدا و لە کارنامەی خۆی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا جێگیر کردوو و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەکەی خۆی خستە واری جێبەجێکردنەوە و لە زۆربەی سێکتەرەکاندا هەڵمەتە چاکسازی و دادپەروەرییەکانی خۆی دەست پێ کردو تا ئەمڕۆش تێیدا بەردەوامە.

ئەوەی پارتی دەستی بۆ بردووە بڕیارێکی بوێرانە و لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ڕێکخستنەوەی کاروباری دەوڵەت بووە بۆ جێگیرکردنی دادپەروەری و حکومڕانییەکی تەندروست بوو.

لە ناو پارتیدا ئافرەتان و قوتابییان و لاوان رۆڵ و پێگەیان بایەخی تایبەتی پێ دراوە، کار دەکات بۆ سوود وەرگرتنی توانا و بەهرەکانی ئەم سێ توێژە گرنگەی کۆمەڵگا، دەرفەتێکی فراوانی بۆ ڕەخساندوون تاکو بتوانن تواناو بەهرەکانیان بۆ خزمەتکردن بە کوردستان بخەنە ڕوو. لەناو پارتیدا گەنجەکان زۆرترین ڕۆڵیان پێ دراوە و شوێنی زۆر گرنگی ناو حزب و حکوومەت بە گەنجانی بە توانا و لێهاتوو سپێردراوە و تێیدا خاوەن بریارن...

ئەمە بایەخدانەی پارتی بە گەنجەکان خۆی لە خۆیدا نیشاندەری ئەوەیە کە پارتی هەنگاوەکانی بۆ پێشکەوتن و مەدەنییەت و یەکسانی بەردەوامە.

دەنگدان مافێکی سەرەتایی و گرنگی هەر تاکێکە، بەو دەنگدانە ڕەسمی دەسەڵات و سیاسەتی وڵاتەکەت دەکەی، بە دەنگدانت هەست ناکەی دابڕاویت لە کۆمەڵگا، گرنگە مرۆڤ بزانیت چی دەوێت و چی هەڵدەبژێرێت، مرۆڤ دەبێ هەمیشە باشترین هەڵبژێرێت بۆ ئایندەی منداڵەکانی، کێ ئارامی و خۆشگوزەرانی و فێرکردن و ئاسایشی سەروماڵ و

نیشتمانەکەی بۆت دەپارێزێت دەنگ بەو لایەنە بدە...

گەر دەتەوێ شکۆت پارێزراو بێت و لە سەقامگیریدا بژیت، پارتی ئەو لایەنەیە، دەنگی پێ بدە…