Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شیخ شامۆ: بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای سەرەکیی پەرستگای لالش دروست دەکرێت

دهۆک-KDP.info-  ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی، بڕیاری خەرجکردنی پارەی دروستکردنی دەرگای سەرەکیی لالشی دەرکرد.

شێخ شامۆ شێخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: '' سەرۆکی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان، مەسروور بارزانی، ١٨٠ ملیۆن و ٩٧٠ هەزار دیناری بۆ دەرگای سەرەکیی لالش تەرخان کرد.''

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەوەیشی گوت: ''لە دوای دیزاینکردنی دەرگای سەرەکیی پەرستگای لالش لەلایەن لیژنەی ئەندازیارانی سەرپەڕشتیاری نووژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی لالشەوە، ئەوان عەرزی سەرۆک وەزیرانیان کرد و بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەکە درا و لە نزیکترین کاتدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە بە سەرپەڕشتیاریی پارێزگای دهۆک.''

هاوکات ئەندامیکی لیژنەی ئەندازیاریی سەرپەڕشتیاری نووژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی پەرستگای لالش، خالد نەرمۆ ڕایگەیاند، قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی پەرستگای لالش بەردەوامە لەلایەن خێرخوازانی ئێزدی و حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئەمریکاوە.

خالد نەرمۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''دیزاینی دەرگای سەرەکیی لالش تەواو کرا و لە ڕێگای ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری ئێزدییانەوە ڕەوانە کرا بۆ ئەنجومەنی وەزیران و هەر ئەمڕۆش سەرۆکی حکوومەت بڕیاری خەرجکردنی پارەی بۆ جێبەجێکردنی دا.''

پێشتریش بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پرۆژە لە پەرستگای لالش دروست کرابوون، لەوانەش دروستکردنی ڕیگای سەرەکی بۆ نێو پەرستگاکە و دروستکردنی شوێنێک بۆ گوشاندنەوەی زەیتوون.

کــاروان بــاعەدری