Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت چەند ڕێنمایی و بڕیاری پێشکەش بە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر کرد

ھەولێر-KDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای ھەولێر لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر لەسەر چەند بابەت و پرس کۆ بووەوە کە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دانانی پلانێکی دیکە بوو بۆ ڕێگریکردن لە بابەتی تەجاوزات و ئەو دیاردانەی لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەستی پێ کردووە.

لەم بارەیەشەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند: "لیژنەی ئەمنی چەند بڕیارێکی دەرکرد کە ھەر ئەمشەو بڕیارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەموو ئەو کەسانە بکرێت کە دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵکی گشتی، بە پاساوی ئەوەی گوایە دەزگاکانی حکوومەت لەبەر بابەتی ھەڵبژاردنەکان چاوپۆشی بکەن، بۆیە جەخت دەکەینەوە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر بڕیاری دا چاوپۆشی لە ھیچ کەس و لایەن و گرووپێک نەکات کە بیانەوێت دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەوەی تەجاوزت لەسەر موڵکی گشتی بکەن".

خۆشناو باسی تەوەرێکی تری کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی کرد و گوتی: "دانانی پلانی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن و بابەتەکانی ئەمنیەتی ھەڵبژاردن و پارێزگاریکردن لە کاندیدان بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێت بۆ ھەموو پاڵێوراوان تا ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنیان بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە ببەن".

پارێزگاری ھەولێر ڕاشیگەیاند: "لە بەشێکی کۆبوونەوەکە بە خۆشحاڵییەوە جەنابی سەرۆکی حکوومەت، ڕێزدار مەسروور بارزانی، لە ڕێگەی پەیوەندییەوە بەشداریی لە کۆبوونەوەکە کرد، سەرۆکی حکوومەت ڕێنمایی و بڕیاری پێویستی پێشکەش بە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر کرد، ئەمەش لەپێناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێبوونی کارنامەی حکوومەت و بابەتی چاکسازی و دادپەروەری و ڕێگەنەدان بەو کەسانەی کە سەرپێچی دەکەن و ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نیەتی تەجاوزاتیان ھەبێت، جەنابی سەرۆکی حکوومەت خۆی ڕاستەوخۆ چەند فەرمان و بڕیاری پێشکەش بە لیژنەی ئەمنی کرد، بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە بابەتی تەجاوزات بە ھیچ شێوەیەک لە سنووری پارێزگای ھەولێر ڕێگەپێدراو نییە، لە ئەمشەوە ھێزە ھاوبەشەکان ژووری عەمەلیاتمان دروست کردووە و ڕووبەڕووی ھەموو ئەو کەسانە دەبینەوە کە بیانەوێ دەستدرێژی بکەنە سەر موڵکی گشتی، بۆیە لیژنەی ئەمنی ھەموو ھێزەکانی خۆی دەستکراوە کردووە بۆ ئەوەی کە ڕێگە بە ھیچ کەسێک نەدرێت و بە یەکسانییش ڕووبەڕوویان دەبێنەوە و دەستبەجێش دەستگیر دەکرێن".

دوێنێ شەو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە سنووری قایمقامیەتی قەزا خەبات، کاتێک ھێزەکانی تەجاوزات چوون بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەجاوزات بکەن ھێرشیان کراوەتە سەر و پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی زۆر بەسەختی بریندار بووە و ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە و باری تەندروستیشی ناجێگیرە، ھەروەھا ئەفسەرێکی ھێزەکانی زێرەڤانی لەلایەن خەڵکەوە ھێرشی کراوەتە سەر.

بۆ ئەمەش ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ''بۆ ڕووداوەکەی دوێنێ شەوی قەزای خەباتیش، لیژنەی ئەمنی بڕیاری پێویستی دەرکردووە و ئەو کێشەیەش کێشەی نێوان دوو عەشیرەت نییە وەک بڵاو کراوەتەوە، بەڵکوو کێشەی نێوان دوو خێزانە، ھاوکات ئەوانەی بەشدار بوونە لەو شەڕە، ڕاپێچی دادگا کراون و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، چونکە لەو نێوەندەدا کوژراو و بریندار ھەیە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە بە سزای یاساییی خۆیان دەگەن.''

ھەڵکەوت محەمەد