Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھونەرمەندان و شانۆکاران، کار بۆ سەرخستنی پارتی دەکەن

ھەولێرـKDP.infoـ شانۆکاران و ھونەرمەندانیش پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستانن و داوا لە ھونەرمەندان دەکەن ھانی میللەت بدەن بۆ سەرخستنی کاندیدانی پارتی، شانۆکارێکیش دەڵێت، ''گلەییمان ئەگەر ھەشبێت لە دوای قسەکانی سەرۆک بارزانی لە ١١ی ئەیلوول وەلاوەی دەنێین و کار بۆ سەرخستنی پارتی دەکەین، چونکە سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە.''

ھیوا سوعادی، شانۆکار و ھونەرمەند، بۆ بەشداریی ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرکەسێک لایەنگری ھەر حزبێکە، دەبێت بەرپرسیار بێت و بەجدی کاری بۆ بکات،  ئێمەش ھەروا کار بۆ حزبەکەی خۆمان دەکەین، ھەرچەند لە کوردستان دەژین و کۆمەڵگاکەمان دیارە و دڵمان ناسکە، ھەندێک جار گلەیی و گازاندە دەبێت، بەڵام لە دوای وتارەکەی سەرۆک بارزانی لە ١١ی ئەیلوول کە داوای لە میللەت کرد گلەیییەکانتان بخنە دوای ھەڵبژاردنەوە، چونکە ئەمە داواکردنی مافە و لەگەڵ لایەنی سیاسی و نەتەوەییی تر دەکەوینە کێبڕکێوە، بۆیە ئەوە بە سیاسەتی حزب نازانم کە ھەندێک کات لە شوێنێکەوە گلەیییەک دەکەین لە حزب، ئەمانە بابەتی لاوەکین و دەکرێت چارەسەر بکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە لە چارەسەرکردنی ھەر کێشە و گرفتێک بووە، من وەک ھونەرمەندێک کار بۆ ئەو لایەنەی خۆم دەکەم و دەنگی پێ دەدەم کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و بەردەوام پاڵپشتی ھونەرمەندان و شانۆکارانە و بەردەوامە لە خزمەتکردن و بایەخدان بە کوردستان و لەسەر ھەڵوێستەکانی نەگۆڕە و خەڵک تەمای پێیەتی، زۆر بە ڕاشکاوانەتر بڵێین ئێمە ھەمووان متمانەمان بە سەرۆک بارزانییە و کەسێکی زۆر دڵسۆزە و زۆربەمان کە لە گەنجیەتییەوە ڕوومان لەو حزبە کردووە و ھاتووینە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان سەرسام بووین بە ھەڵسوکەوت و ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی، بۆیە کاری بۆ دەکەم و گلەیییەکانمان وەلا دەنێین و ھەموان بە یەکەوە کار بۆ سەرخستنی کاندیدە بەھەڵویستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین و خەڵکی نوێ سەر دەخەین تا نوێنەری بەھێز و بەتوانامان ھەبێت، سەرخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرخستنی ھەرێمی کوردستانە، ھەر لایەنگرێکی پارتی ھیوای تەواوی بە سەرۆک بارزانی و سیاسەتەکەی ھەیە.''

فەرھەنگ غەفوور، وەک ھونەرمەندێک، بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە کورد چارەنووسسازن، چونکە بەپێی دەستوور ئێمە هەرێمێکین لە عێراق و پشکمان لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە و لە بڕیار و لە یاساکان و لە ئابووریشدا لەگەڵ بەغدا هەیە. بۆیە زۆر گرنگە و ئەرکە لەسەر هەموو ئەو کەسانەی خەمی کوردستان و نەتەوەی کوردیان هەیە، شەڕی مانەوە و پێشخستنی خۆیان لەگەڵ عێراق و دەسەڵاتە یەک لەدوا یەکەکانی، لە ڕێگەی دەنگ و لە هۆڵی پەرلەمان و لە داڕشتنی یاساکان و لە ئەدای حکوومەت لە عێراق ببیننەوە و ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، لێرەدا ئەرکی هونەرمەند زیاترە و پێویستە وەک کەسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە ڕێی ئەو هونەرەی کە هەیەتی، خەڵک هان بدا بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکانمان.''

ئەو ھونەرمەندە گوتیشی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دامەزرانییەوە تا ئەمڕۆ لە ڕێی شۆڕش و بەرگری و ڕاپەڕینەکانەوە و، دواتر لە ڕێی دامەزراوەی پەرلەمانی و حکوومەتەوە، داکۆکیکاری سەرەکیی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بووە و هەر بە هیمەت و خەباتی پارتییش مافەکانی کورد لە دەستووری عێراقدا جێگیر کراون و هەر پارتییش پارێزەر و بەرگریکاری ئەو مافانە و خاک و خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە.''

هونەر و هونەرمەندان، ئەستێرەکانی سەر شاشە و سەر شانۆ و سەر سەکۆکان لە جیهان ڕۆڵیان لە تەواوی کایەکاندا هەیە، پێویستە هونەرمەندی کوردیش، ڕۆڵی لە بنیاتنان و پێشخستن و سەرخستی خەباتی گەلەکەی بۆ مافەکانی هەبێت. هەڵبەتە ئەم ڕێگایەش کە هەڵبژاردنە، یەکێکە لە ڕێگاکانی خەبات بۆ دەستهێنانی مافەکان، لە ڕێی چەسپاندنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لەناو یاساکان و لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا.

فەرھەنگ غەفوور لەبارەی وتارەکەی سەرۆک بارزانی کە بۆ دەستپێکردنی بانگەشە لە ١١ی ئەیلوول پێشکەشی کرد، دەڵێت: ''وتارەکەی جەنابی سەرۆک زۆر ڕوون بوو، لە لایەک جەختی لەسەر توانا و هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە، کە لەوەتەی دامەزراوە و شۆڕش دەکا، بەرگریکاری کێشەی کورد و کوردستان بووە، کاندیدەکانی ڕاسپاردن کە چوونە بەغدا کار بکەن نەک قسە، واتە کار و کرداریان دیار و بەرچاو بێت و دەسکەوتیان هەبێت، نەک هەر بە قسە خۆ دەربخەن. هەروەها پەیامێکیشی دایە دۆست و ناحەزان کە پارتی هەر بەهێز دەمێنێتەوە و پاشەکشە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکا.''

پارتی لەم بوارەدا هەمیشە پاڵپشتی هونەر و هونەرمەندان بووە و لەمەودواش هەروا دەبێ، ئێستاش کاتی ئەوەیە هونەرمەندان بە هەموو توانایانەوە لەگەڵ پارتیدا بن و کاندیدەکانی سەر بخەن، بێگومان لە داهاتووشدا پێگەی هونەر و هونەرمەندان لە بەرنامە و کاری پارتیدا بەرفراوانتر دەبێت و باشتر کاری بۆ دەکرێت.''

فایزە کۆیی