Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''لە جەلەولا ڕێگری لە کاندیدانی پارتی دەکرێت"

لە سنووری جەلەولا ڕێگری دەکرێت لە بانگەشەی پارتی و کاندێکی پارتییش دەڵێت، پارتی کار دەکات بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکە، ''چونکە پێشبینی دەکرێت میلیشیاکان بۆ ھەڵبژاردن فشار بخەنە سەر دەنگدەرانی ئێمە.''

جوان مەحموود، کاندیدی ژمارە ٥٣ی پارتی لە دیالە، بە ما\لپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە کاندیدی پارتین لە سنووری دیالە و بازنەی چوار، بازنەی ئێمە سنووری جەلەولا و سەعدیە و خانەقین دەگرێتەوە، ڕۆژانە ئێمە وەک پارتی لەنێو جەماوەری ناوچەکە دەگەڕێین بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و چین و توێژەکانی سنووری بازنەی چوار بەسەر دەکەینەوە.''

کاندیدی پارتی لە دیالە گوتی: "ڕێگریەکی زۆر لە ئێمە دەکرێت لەلایەن ھێزە میلیشیاکانی سنوورەکە، ھەر دوێنێ دەمانویست بچینە نێو شارەدێی جەلەولا ڕێگری لە ئێمە کراوە و ئاستەنگ بۆ بانگەشەی پارتی دروست دەکرێت، ئێمە ھەر دوێنێ مەکتەبی سیاسیی پارتیمان ئاگادار کردووتەوە لە پێشێلکاری و ڕێگریی میلیشیاکان، بێگومان ئاستەنگەکان ساردمان ناکەنەوە لە بانگەشە، بەڵام کێشە ئەوەیە کە ڕێگری لە خەڵک دەکەن و پێشبینی دەکەین بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن فشار بخرێتە سەر دەنگدەرانی ئێمە لە ناوچەکە.''

جوان مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پلان و بەرنامەی ئێمەی کاندیدانی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو ئەوەیە کە ناوچەکە بەرەو ئارامی بەرین، ھێزەکانی پێشمەرگە بە خواستی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان، چونکە تا ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ سنووری خانەقین و جەلەولا و سەعدیە، ڕەوشەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت.''

قائید میرۆ