Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پرۆسەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا بەردەوامە

ھەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر باشی ناوە لە بواری چاکسازیی ھەموو بوارەکاندا و بڕیارە لە ڕاپۆرتی سێیەمدا کە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، وردەکاریی زیاتری ھەنگاوەکانی حکوومەت لە بواری چاکسازیی تێدا بێت و سەرۆکی حکوومەت سوورە لەسەر چاکسازی، تاوەکوو ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە ھەمووی جێبەجێ دەکرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان، سەعید ھەرکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە و پێشکەشی حکوومەت کراوە بۆ جێبەجێکردن و حکوومەتیش ھەنگاوی باشی لە جێبەجێکردنی ناوە و دوو ڕاپۆرتی بۆ پەرلەمانی ناردووە و چاوەرێی ڕاپۆرتی سێیەم دەکەین و ڕاپۆرتی یەکەم زیاتر داتایی بوو و ڕاپۆرتی دووەم ھەندێک ڕێکار گیراوەتە بەر و ڕاپۆرتی سێیەم کاری باشتر کراوە و سەرۆکی حکوومەت زۆر سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە.''

سەعید ھەرکی گوتیشی: ''جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بە کات ھەیە تا ھەمووی جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەو پڕۆژەیە گشتگیرە و لە ھەندێک شت پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی ھەیە، بۆیە پێویستی بە کات و ھەماھەنگی ھەیە.''

ھەرکی باسی لەوەش کرد، حکوومەت زۆر ھەنگاوی ناوە، لەوانە بایۆمەتری گەیشتووەتە قۆناغێکی باش و لە ڕاپۆرتی سێیەم باسی وردەکارییەکان دەکرێت، کە تا ئێستا ٢٢ ھەزار دوو مووچە ھەیە، ڕاگیراوە و دۆسیەی فەرمانبەران پێداچوونەوەی بۆ کراوە کە ٤٦٦ ھەزار دۆسیە تا ئێستا کاری لەسەر کراوە و خانەنشینیی پلەباڵا جێبەجێ کراوە کە مانگانە نزیکەی ٣ ملیار دینار دەگەڕێتەوە و لە بواری کەسوکاری شەھیدان کاری باش کراوە و خانەنشینی پێشمەرگە و یەکخستنی یەکەی ٧٠ و ٨٠ و یەکەی پاسەوانی، ئەمانە ھەمووی کاری لەسەر کراوە.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ڕاپۆرتی سێیەم کاری باشی لەسەر کراوە و بەم نزیکانە دێتە پەرلەمان و جگە لەوەش، دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران ئەویش خەریکە تەواو دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت لە ڕاپۆرتی سێیەم ئەویش باس بکرێت، بەوەش دوومووچەیی نامێنێت و بندیوار نامێنێت، بۆیە گرنگیی زۆری ھەیە.''

 

بڵند ئیبراھیم