Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئافرەتان بۆ KDP: پارتی ھێزێكە شایەنی ئەوەیە دەنگی پێ بدەین

هەولێر-KDP.info- ئافرەتانی كوردستان، بە ھۆی خەبات و رۆڵی پارتی لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بە گشتی و بە تایبەتیش بایەخدان بە توێژی ئافرەتان، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەن، ئافرەتێكیش پێی وایە، پێویستە ئافرەت خۆی بەشداریی كارای لە ھەڵبژاردندا ھەبێت و بتوانن نوێنەری خۆیان بۆ چوار ساڵی داھاتوو دیاری بكەن.

نیھایەت دۆسكی، كە ئافرەتێكی دیاری شاری دھۆكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رابردوودا لەوانەیە لە ھەندێ پڕۆسەدا رۆڵی ئافرەت لاوەكی بووبێت، بەڵام ئافرەت لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا رۆڵی كاریگەر و سەرەكیی ھەیە، لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا ئافرەت كاریگەریی ھەبووە و ژمارەیەك نوێنەری ئافرەت گەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق و خزمەتی بەرچاویان ھەبووە".

نەفیسا گەردی، بەرپرسی ئەنجوومەنی قەرەچوغی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئافرەتان رۆڵێكی بەرچاویان لە ھەموو كایەكانی ژیاندا ھەیە و پێویستە ئەمجارە ئافرەتانی كوردستان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانی مانگی داھاتووی عێراق بكەن، ھەتا بتوانن نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێرن، بێگومان لە سنووری ئێمە دەنگی زۆرینەی ئافرەتان بۆ كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت، چونكە پارتی زیاتر لە ھەموو لایەك خزمەتی بە چینی ئافرەتان كردووە".

نیھایەت دۆسكی داوای لە ئافرەتان كرد، بەشداریی ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوو بكەن و دەڵێت: "من هەم وەك كچە شەھیدێك و هەم وەك ئافرەتێكیش بەشداریی ھەڵبژاردن دەكەم و دەنگیشم بۆ كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پارتی خۆی بە خاوەنی كوردستان و خەڵكی دەزانێت، لەبەر ئەوە شایەنی ئەوەیە دەنگ بە كاندیدی پارتی بدەین، ئەو ئازادی و ئارامییەی لە ھەرێمی كوردستان بەدەست ھاتووە، بەرھەمی خوێنی شەھیدان و خەباتی پارتییە".

شەیدا گەردی، كچێكی دیكەی دەنگدەرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەم و بە شانازییەوە دەڵێم پارتی ھێزێكە شایەنی ئەوەیە دەنگی پێ بدەین، ئەوەی پارتی لە ھەموو ئەوانی تر جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە رۆڵێكی بەرچاوی بە ئافرەتان داوە و ھیچ جیاوازییەكی لە نێوان ھیچ رەگەز و پێكھاتەیەكدا نەكردووە، ئەوە شانازییەكی گەورەیە بۆ پارتی و پێویستە ئافرەتان ئەو گرینگیدانەی پارتییان بە چینی ئافرەت، بۆ رۆژی ھەڵبژاردن لە بەرچاو بێت".

 

قائید میرۆ