Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیر: پلانی زیادكردنی كارەبامان داناوە.. پارێزگار: دەڤەری زرارەتی شایانی زیاترە

هەولێر-KDP.info- لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی627 ملیۆن دینار، وێستگەی كارەبای مۆبایل لەلایەن وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێر كرایەوە، پارێزگاری هەلێریش گوتی، هەر ئەمڕۆ بەردى بناغەی پڕۆژەیەكی ئاومان دانا و كێشەی ئاوی ناوچەكەش چارەسەر دەبێت.

ئەمڕۆ ۱٦ـی ئەیلوولی۲۰۲۱، بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كەمال محەمەد و بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەكران و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو و بەرپرسانی حكوومی و حزبی، وێستگەیەكی كارەبا لە دارەشەكران كرایەوە.

كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی كردنەوەی وێستگەكە ڕایگەیاند: "پڕۆژەییەكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان كردەوە لە بواری كارەبا لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی، هەروەك لە كابینەی نۆدا پلانی زیادكردنی كارەبامان داناوە، ئەمەش درێژەی ئەم كارانەیە، وەك وەزارەتی كارەبا پلانمان واداڕشتووە كێشەی كارەبا لە كوێ هەبێت چارەسەری بكەین لە گەرمیانەوە تا زاخۆ بێ جیاوازی، ئەمەش یەكێكە لەمانە، كە هاوكات وێستگەكە بە گوژمەی627ملیۆن دینار پێنج فیدەر لە خۆدەگرێت و جێبەجێ كرا."

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش ڕایگەیاند: "لە دەڤەری زرارەتی و ناحیەی دارەشەكران، كە شایانی زیاترە، ئەم وێستگەیە دەكەوێتە كار و هەردوو ناحیە ی پیرمام و بەحركەش سوودمەند دەبن و بارگرانی كەم دەبێتەوە، هەر ئەمڕۆ لەم ناوچەیە چەند پڕۆژەیەكی دیكە دەست پێدەكەین وەك چاككردنی ڕێگاكانی ناو گوندەكان و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی ئاو، كە یەكێك لە گرفتەكانی ناوچەكە چارەسەر دەكات."

 

فایزە كۆیی