ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 15/9/2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:.
یەکەم: خستنەڕووی ئامادەکارییەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەدیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە 10/10/2021 کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و ڕۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پیادەکردنی مافی دەنگدان.
دووەم: بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە (63) لە 1/9/2021 تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کواڵیتی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە.
سێیەم: بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021 - 2025) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن بەڕێز د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو بۆ ئەنجومەن و بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
چوارەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) ئامادەکراوە.