Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''پارتی کار دەکات ئەو ڕەوشە خراپە لە شنگال نەمێنێت''

شنگال-KDP.info-  ''خەڵک و خاکی شنگال ئازیزن، کار دەکەین لەپێناو کۆتاییهێنان بە ڕەوشی ئابووریی ناجۆری ژیانییان و قەرەبووکردنەوەی بەباشترین شێوە''، ئەمە بەرنامەی کاری پارتییە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق. شنگالییەکان دەڵێن، پارتی هەمیشە پاڵپشتی داواکاریی شنگالییەکانە و دەیانەوێت ئەو ڕەوشە نەخوازراوەی لە شنگال هەیە، کۆتایی پێ بهێنرێت.

سەعید جردۆ، کەسایەتییەکی شنگالی دەڵێت: ''پارتی و سەرۆک بارزانی هەمیشە خەمخۆری شنگالییەکان بوون و شنگالییەکان ئامادەن دەنگ بە بەربژێرەکانی پارتی بدەن، چونکە پارتی و سەرۆک بارزانی خەمخۆری تەواوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە و بەتایبەتی شنگالییەکانە.''

سەعید جردۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''نەک تەنیا بە دروشم، بگرە بە کردار خەڵک و خاکی شنگال بۆ پارتی ئازیزن، لە بەرنامەی پارتییشدا ئاماژەی پێ دراوە، چونکە پارتی و خودی سەرۆک بارزانی بەڵێنیان دا شنگال ئازاد بکەن و ئازادیان کرد، سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی ئازادکردنی شنگالی دەکرد.''

ئاماژەیشی دا: ''پارتی هیچ جارێک خۆی لە مەعاناتی شنگالییەکان دوور نەگرتووە و لە خەمی شنگالییەکاندا بووە و سەرۆک بارزانی هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە شنگالییەکان خۆیان بەڕێوە ببەن و هەمێشە پاڵپشتی شنگالییەکانە''.

نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەت لە ڕۆژی یەکەمی کۆمەڵکوژیی شنگال نووسینگەیەکی بۆ ڕزگارکردنی ڕفینراوانی ئێزدی کردەوە و زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس ڕزگار کران، هاوکات سەرۆک بارزانی کاری بۆ ڕزگارکردنی شنگال کرد و ڕزگار کرا.''

لەو بارەیەشەوە، ناڤین سمۆقی، کچە کوردێکی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەین، چونکە لە دوایی ٢٠٠٣ـوە پارتی خۆی لە ئێزدییەکان کردووەتە خاوەن و توانیی کۆتایی بە عەرەبکردنی شنگال بهێنیت و شنگال کەوتە نێو هاوکێشەی سیاسی و ئیداری و پەرلەمانی لە عێراقدا.''

ئاماژەیش دا: "پارتی ئێستاش هەمیشە کار دەکات ئەو ڕەوشە ناجۆرەی لە شنگال هەیە، کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە پارتی لەگەڵ مەعاناتی شنگالییەکاندا دەژی، بەڵام ئەو هێزە نایاساییانەی لە شنگال هەن، هەموویان کار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن و ئەوان ئاگایان لە شنگال و شنگالییەکان نییە، بۆیە نایانەوێت ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی شنگال جێبەجی بکرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.''

پارتی هەمیشە کوردانی ئێزدیی وەک کوردانی ڕەسەن ناساندووە، چونکە سەرەڕای ٧٤ کۆمەڵکوژی کە بەسەریاندا هاتووە، کەلتوور و ئاین و زمانی خۆیان بە کوردی پاراستووە.

کـــاروان بــاعەدری