Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیبراهیم میرانی: ئامانجی پارتی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانە

تلەعفەر-KDP.info-  کاندیدیکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی چواری پاڕیزگایی مووسڵ کە تلەعفەر و زوممار و عەیازییە لە خۆی دەگرێت، دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی پارتی ئەوەیە کە ناوچە کوردستانییەکان و بەتایبەت ڕۆژئاوای دیجلە ئاوەدان بکاتەوە و خەڵکی ئەم ناوچەیە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تاکوو پارتی نەگەڕێتەوە، ئەم ناوچانە هەر بە کاولکاری دەمێننەوە.

ئیبراهیم میرانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ئەم ناوچانە لەلایەن حکوومەتی عێراق پشتگوێ خراون و هێزی جیاواز لەم ناوچانە هەن و ئارام نین، خەڵک متمانەی بەو هێزانە نییە و ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی پێشمەرگە وەک پێش ٢٠١٤ بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە.''

گوتیشی: ''هەموو ئامانجێکی پارتی ئەوەیە خزمەت بگەیەنێتە ئەم ناوچەیە و خەڵک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە پارتی دەکەن و دەگەنە نێو ڕیزەکانی پارتی و پارتییش ئامادەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بەشداریی سیاسیی کارایان هەبێت.''

گوتیشی: ''دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە، سنووری عێراقیش دەبێ بە هاوئاهەنگیی سوپای عێراقی و پێشمەرگە بپارێزرێت بۆ ئەوەی ئەم سنوورە ئارام بێت، نەوەک تیرۆریستان بەئاسانی هاتوچۆی تێدا بکەن.''

کــاروان باعەدری