Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

‬"پارتی پێشەنگی ڕێکخستنی میدیایە لە ھەرێمی کوردستان"

ھەولێر_KDP.info_  دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە یەکێک لە خاڵەکاندا باسی میدیا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە کار دەکەن لەپێناو چاکسازیی میدیاییدا، بەتایبەتی دابینکردنی پانتاییەکانی ئازادیی بیروڕا و لە پاڵیشیدا ڕێگەگرتن لە ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن بە مرۆڤ و تایبەتمەندییە کەسییەکانی، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش دەڵێت، یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردی کە تا ئێستا کاری پێ دەکرێت بە ھاوکاریی و پاڵپشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچووە، بۆیە پارتی حزبێکی دەوڵەتدارییە و حزبێکە ئەزموونی ھەیە لەگەڵ میدیا و ڕۆڵی پێشەنگی لە ڕێکخستنی میدیا ھەیە.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، حاکم ئازاد حەمەدەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پارتی حزبێکی دەوڵەتدارییە و حزبێکە ئەزموونی ھەیە لەگەڵ میدیا و ڕۆڵی پێشەنگی لە ڕێکخستنی میدیا ھەیە و گەورەترین فراکسیۆنیش لە پەرلەمان پارتییە و کاتی خۆیشی لە گفتوگۆکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردیدا پارتی ھاوکارێکی سەرەکی و گرنگ بوو بۆ تێپەڕاندنی یاساکە و بیرمان نەچێت پارتی کە باس لە میدیا و ھەڵبژاردن دەکات، میدیا بەشێکی گرنگە لە ئازادییە گشتییەکان و ھاوکارێکی گرنگە لە سەقامگیریی ئیرادەی سیاسی بۆ پراکتیزەبوونی ژیانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و میدیا پشتیوانێکی گرنگە بۆ شەفافیەت و بەرەوپێشوەچوونی ھەموو ڕەھەندەکان و سەرکەوتنی ئیرادەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان .''

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ھەموو حزبەکان میدیای خۆیان ھەیە و خوازیارین حزبەکان نەک تەنھا داکۆکی لە میدیا بکەن بۆ پرۆسەی ئازادیی بیروڕا، بەڵکوو میدیا لە بنەڕەتدا سەربەخۆیە و میدیا دەپرژێتە سەر ھەموو بوارەکانی ژیان و ئازادیی میدیا بەشێکە لە ئازادیی گشتیی خزمەت بە پرۆسەی سیاسی بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی سیاسی لە ھەرێم دەکرێت.''

گوتیشی: ''یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردی بە ھاوکاری و پشتیوانیی پارتی دەرکەوتووە کە سەندیکا ئاڕاستەی کردبوو. ئەو یاسایە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچوو، تا ئێستا کاری پێ دەکرێت و ئێمە پڕۆژەیەکمان ئامادە کردووە ئەگەر کەموکووڕییەک لە یاساکە ھەبێت بە ھەموو لایەک بتوانین باشتری بکەین بۆ ئەوەی میدیا باشتر ڕێک بخەین.''

عەبدولڕەزاق عەلی، ڕۆژنامەنوس و بەرێوەبەری ڕادیۆی دەنگی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پارتی دوو جۆر میدیای ھەبووە، یەکەم ئەو میدیایەی کە بەرگریی کردووە بۆ نموونە پارتی خاوەن یەکەم میدیای کوردییە کە ڕۆژنامەی کوردییە لە ھەرێم دەرکرابێت و یەکەم ڕادیۆش دامەزرابێت کە دەنگی کوردستانە و یەکێکە لە مێژوو و سەروەرییەکانی پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و جگە لەوەش، پارتی بەردەوام لە میدیا بۆ پێشخستن دەستپێخەر بووە لە ڕووی جۆری و تەکنەلۆژیاوە لە ڕووی ئازادیشەوە و پارتی وەکوو ھەرحزبێک ئەرکی خۆی ھەیە و ڕاگەیاندنەکەشی بە ھەمان شێوە.''

عەبدولڕەزاق عەلی گوتیشی: ''پارتی خاوەن میدیایەکی بەرپرسیارە و ڕەنگە ئەو ئازادییەی بۆ یەکێک سوودێکی ھەبێت لای پارتی ڕاگەیاندن و میدیا چەند ئازاد بێت ھێندەش بەرپرسیارەتییە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مانای وا نییە چوارچێوە بۆ میدیا دانێیت و ئازادییەکەی دیاری بکەین، بەڵام لە جیھانیش وایە میدیا چەند ئازادیی هەبێت، ھێندەش بەرپرسیارەتییە، جا بەرپرسیارەتییەکان جیاوازن و بەڵگەشمان ئەوەیە کە پارتی گرنگی بە ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕاگەیاندن دەدات، ئێستا پارتی خاوەن گەورەترین و کۆنترین میدیایە لە کوردستان و پێشکەوتووتریشە و ڕاگەیاندنی فەرمی و ئەوانەی پارتییش ڕێگەی پێ داون کار بکەن، بۆیە پارتی ھەمیشە بایەخی بە ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕاگەیاندن داوە و لە ھەموو ڕوویەکەوە سەیری نەخشەی دوێنێ و ئەمڕۆ بکەین، پارتی لە پێشەوە بوو لە ڕووی میدیاوە.''

بڵند ئیبراھیم