Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ KDPقسە دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری نوێی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ، دوای ئەوەی بە فەرمی سەرپەرشتیار دیاری كرا، لەمەودوا بە كردار كار لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت، چونكە ھەیكەلی ئیداری دانراوە و تەنھا ماوە بە كردار ھەنگاو بنێین و لەوپاش دەست بە ھەنگاوەكان دەكەین.

ھەڵگورد نەجیب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھەیكەلی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داڕێژاوە و ئامادە كراوە، ئێستاش كار لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیانە دەكرێت، كە بڕیاریان لەسەر دراوە، ئەوانیش شارەوانییەكان و پەروەردە و تەندروستی و كشتوكاڵن و، كار لەسەر ئەوانەی دیكەش دەكەین، كە بەڕێوەبەرایەتییەكان راستەوخۆ دەچنە سەر وەزارەتەكان، بۆ ئەوەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بكەن، تا سەرپەرشتیاریش دانەنرابووایە، نەدەتواندرا كاری لەسەر بكرێت و ئێستا دوای ئەوەی من وەكو سەرپەرشتیار دیاری كرام، دەست بە ھەنگاوەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: "لە ئێستادا  ناحیە و قەزاكان وەكو خۆیان دەمێننەوە و كەم وزیاد ناكرێن جارێ، لەمەودواش كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ھەیكەلیەتە دەكەین كە دانراوە و وەزارەتەكانیش كاری لەسەر دەكەن و ئەوانیش بڕیاریان لەبارەی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە داوە".

نەجیب باسی لەوەش كرد: "لەمەودوا كارەكانمان باشتر دەبێت، چونكە ھەیكەلیەتی قایمقامیەت كۆنە و تەنھا قایمقام بوو، ئێستاش كە بووە بە ئیدارەی سەربەخۆ، تیمی تەواومان دەبێت بۆ كاركردن و فشاریش لەسەر ھەولێر كەم دەبێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر كاری خۆمان بكەین، راستە بەرپرسیارەتییەكی قورسە، بەڵام باشتر دەتوانین كار بكەین و ئێستا بە فەرمی من وەكو سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاری كراوم و فەرمانیشی پێ دەرچووە".

 

بڵند ئیبراھیم