Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: هێزی هاوپەیمانی هەردوو فڕۆکەکانی خستنەخوارەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، شەوی رابردوو بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرایە ئامانج و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتوونەتەوە.

وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتەر نووسیویەتی، نزیکەی کاتژمێر 11:43 خولەکی شەوی 11ی ئەیلوول، هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و هێزی هاوپەیمان هەردوو فڕۆکەکانی خستنەخوارەوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەش ده‌كات، "یەکێک لە فڕۆکە تێکشکێندراوەکان کەوتە نێو سنووری بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکەی دیکەش کەوتە دەرەوەی سنووری بنکەکەوە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە".

واین مارۆتۆ راشیگەیاند، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکوومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، "سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات". هەروەها دەشڵێت، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سیڤیل، هێزە هاوبەشەکانمان لە سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.

هەروەها پێشتر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، "هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."