Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیر له‌ ڕێگای KDPوه‌ داوایه‌ك لە مامۆستایان دەکات، دایک و باوکان ئازادن

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم رایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە لە ھەموو ناوەندەکانی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە، دەشڵێت، رێژەی سەدا ٣٥ی مامۆستایان ڤاکسینیان وەرگرتوە.

پەیوەست بە کردنەوەی قوتابخانەکان و رێکارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێکی تایبەتدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی٩ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە، واتا لە ھەموو ناوەندەکانی خوێندن بە قوتابخانە حکوومی و ناحکوومیەکانەوە لە ھەرێمی کوردستان دەوام دەست پێدەکاتەوە، ھەروەھا دایک و باوکی قوتابی ئه‌گه‌ر دۆخێكی تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ ڕووی ته‌ندروستی و هه‌وڵی خۆپارێزی زیاتر ده‌ده‌ن ده‌توانن خوێندنی ئه‌لیكترۆنی یان ئۆنلاین بۆ قوتابیه‌كه‌یان هه‌ڵبژێرن.

ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەش کرد، دەوام کردن بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی بۆ مامۆستایان و قوتابیان بە ماسکەوە دەبێت، واتا بە خۆپارێزیەوە دەبێت، پەیوەست بە لێدانی ڤاکسینیش بۆ مامۆستایان، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، رێژەی سەدا ٣٥ی مامۆستایان ڤاکسینیان وەرگرتوە، لێرەوەش داوا لە مامۆستایان دەکەین بۆ پارێزگاریکردن لێیان و سەلامەتی ژیانیان بە زووترین کات ھەموویان ڤاکسین وەربگرن و  وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار ئاسانی تایبەتی لەوبارەوە پێشکەشی مامۆستایان کردووە.

 

ھەڵکەوت محەمەد