Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئه‌و ھۆزە عەرەبانه‌ بڕیاریان داوە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھۆزی شەرابین ئاشکرای کرد، لە سنووری زوممار  پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کاندیدی ھەیە و دەشڵێ: "ئێمە حەوت ھۆزی عەرەبین و ھەموومان دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین، چونکە لە رۆژانی تەنگانەدا تەنھا پارتی دەرگای بۆ ئێمە کردووەتەوە، بۆیە ئێمەش دەنگ بە پارتی دەدەین و کاندیدی ئەوان دەکەینە نوێنەری خۆمان لە بەغدا".

شێخ ئەحمەد زاھر مجنان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "عەرەبی ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری ناحیەی زوممار و رەبیعە و عەیازیە، دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، کە پارتی لەو سنوورە دوو کاندیدی ھەیە و ئەوانیش ئیبراھیم قەبۆ و سەفوان بەشیرن، بۆیە خۆمان زۆر باش ئامادە کردووە بۆ دەنگدان بە کاندیدانی پارتی، چونکە ئێمە تەنھا لەبەر ئەوە دەنگ بە پارتی دەدەین کە پارتی بێ جیاوازی خزمەتی نەتەوە و پێکھاتەکان دەکات و دەرگای بۆ ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان کراوەیە، بینیشمان لە کاتی شەڕی داعش، پارتی و سەرۆک بارزانی خۆیان لە عەرەب کردە خاوەن، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە پارتی ھەڵبژێرین و بیکەینە نوێنەری خۆمان، کە بێگومان دەنگی ھۆزە عەرەبەکان بۆ پارتی دەبێت".

مجنان، گوتیشی: "چەندین ھۆزی عەرەب دەنگ بە پارتی دەدەن، لەوانە ھۆزی جەرجەری و ھۆزی شەرابین و ھۆزی سنیان و ھۆزی نیان و چەندین ھۆزی دیکە، کە ئەوانیش دەنگ بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، کە تەنھا لە سنووری زوممار حەوت ھۆزی عەرەبی گەورە دەنگ بە پارتی دەدەن، کە ئەو ھۆزانە زیاتر لە حەوت ھەزار دەنگدەریان ھەیە.

ڕوونیشی کردەوە، جگە لەوە، لە دەنگدانی تایبەت لە سلکی سەربازیش، کە بە ھەزاران  دەنگدەرن، ئەوانیش هەر دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.

لای خۆشیەوە، گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان بڕیاریان داوە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، چونکە پارتی لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان کاندیدی ھەیە و تەنھا لەناو عەرەب حەوت کاندیدی ھەیە لە خانەقینەوە تا دەگاتە مەخموور و شنگال و زوممار، بۆیە ئێمەش دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکان نەک تەنھا زوممار، چونکە ئەوەی بەرگریی لە سوننەکان کردووە، پارتی و سەرۆک بارزانی بوون".

شێخ مزاحم ئەلحوێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "لە سنووری زوممار و رەبیعە و عەیازیە، کە یەک بازنەیە، ئێمە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین، چونکە دەزانین تاکە حیزب کە داکۆکی لە مافی ئێمە دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستانە".

 

بڵند ئیبراھیم