Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بایدن بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوو وەزیر دەنێرێتە ناوچەی کەنداو

هەولێر-KDP.info- هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا دەگەنە کەنداو و لەگەڵ بەرپرسانی ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمانیان بە مەبەستی دڵنیایی پێدانیان کۆدەبنەوە، لە لایەکی دیکەیشەوە، گوتەبێژی هاوپەیمانی دژی داعش، دەڵێ پابەندین بە هاوبەشییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، ئامانجی سەرەکی دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا، ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە بە بڕیاری جۆ بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەفغانستان و، سەرنجی زیاتری واشنتن لەسەر چین و رووسیا، بە واتای ئەوە نایەت، کە وڵاتەکەیان دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.

بە پێی زانیارییەکان، بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ کەنداو دەچێتە قەتەر و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریش سەردانی هەریەکە لە سعودیە، قەتەر، بەحرێن و کوێت دەکات.

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتەکەیان، پرسی ئەفغانستان و دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دەبێت لە ناوچەکە و، پێکەوەکارکردنیان بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانی دژی داعش، واین مارۆتۆ، لە تویتەری خۆیدا نووسیویەتی، هەرێمی کوردستان رۆڵی زیندوو و سەرکەوتووی لە شکست پێهێنانی داعش گێڕاوە و، هاوپەیمانانیش پابەندن بە هاوبەشییەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

هاوکات خۆشحاڵیشی بە دەستگیرکردنی گرووپێکی تیرۆریستی لە لایەن دژەتیرۆری کوردستان دەربڕیوە.

رۆژی یەکشەممە 5-9-2021، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، دەستگیرکردنی گرووپێکی تیرۆریستی لە هەولێر راگەیاند، کە لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە دەستگیرکرابوون، ئەو گرووپە پیلانیان بۆ کردەوەی تیرۆریستی لە نێو شاری هەولێر داڕشتبوو.