Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یونیسێف: مەترسی لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵانی عێراق هەیە

بەغدا -KDP.info- ڕێكخراوی یونیسێف، لە ڕاپۆرتێكدا، ئاشكرای دەكات کە زیاتر لە نیوەی منداڵانی عێراق، ئاوی پێویستیان دەست ناكەوێ و، زۆرینەی خوێندنگەكانیش خزمەتگوزارییەكانی ئاویان تێدا نییە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵان بۆ داهاتوو دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یونیسێف كە لە مانگی ئابی 2021 بڵاو كراوەتەوە، نزیكەی سێ منداڵ لە هەر پێنج منداڵێكی عێراق، ناتوانن ئاوی پاكیان دەست بكەوێت و، كەمتر لە نیوەی قوتابخانەكان خزمەتگوزاریی سەرەكیی ئاویان هەیە، ئەوەش تەندروستیی منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە و، هەڕەشە لە گەشە و داهاتوویان دەكات.

ڕاپۆرتەكە، كە هاوكات بوو لەگەڵ هەفتەی جیهانیی ئاو، ئاماژە بە هۆكارەكانی كەمیی ئاو لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەكات، لە نێویاندا عێراق و باكووری ئەفەریقا، کە لە ئەنجامی زیادبوونی خواستی كشتوكاڵی و فراوانبوونی زەویی كشتوكاڵی پشتبەستوو بە ئاوی ژێرزەوین.

كەرتی كشتوكاڵ لەسەر ئاستی جیهانی، سەدا 70ی ئاو بەكار دەهێنێت، بەڵام وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئەو ڕێژەیە زیاتر لە سەدا 80یە.

شیما سێنگوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق باسی لەوە کردووە کە ئاستی كەمئاوی لە عێراق، گەیشتووەتە مەترسی و، منداڵان ناتوانن گەشە بكەن و بگەنە توانای تەواوی خۆیان بەبێ ئاو. ئاماژەی بەوەش داوە، كاتی ئەوەیە هەندێ كار دەربارەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و گرەنتی گەیشتنی ئاو بە هەموو منداڵێك بكرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا تەنیا هۆكاری كەمئاوی نییە، بەڵكوو هۆكاریشە بۆ كەمبوونەوەی ئاوی باران بۆ كشتوكاڵ و خراپبوونی كوالێتیی ئاوی شیرینی یەدەگ.

لە عێراق وەرزی بارانبارینی 2020-2021، وشكترین وەرز بوو لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا و، هۆكار بوو بۆ دابەزینی شەپۆلی ئاوی دیجلە بە ڕێژەی لە سەدا 29 و فورات بە ڕێژەی لە سەدا 73.